رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی لە دێربیی مەدریددا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، ریال مەدرید بڕیارێکی یەکلاکەرەوە دەدات سەبارەت بە راول ئاسێنسیۆی بەرگریکاری گەنجی، کە چاودێران پێیانوایە نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە بۆ ریال مەدرید وەک ئەوە وایە گرێبەستێکی گەورە و گرنگ بکات.
کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز بڕیارێکی گرنگی سەبارەت بە یاریزانە لاوەکەی داوە.
ئاسێنسیۆ دوای پێکانەکانی ئەنتۆنیۆ رودیگێر و ئیدێر میلیتاو و دواکەوتنی گەڕانەوەی دەیڤد ئالابا بۆ یارییەکانی لۆس بلانکۆس بووەتە بەرگریکاری سەرەکی یانەکە و ئاستێکی بەرز پێسکەش دەکات.
گرێبەستی ئێستای راول ئاسێنسیۆ لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2026 کۆتایی دێت.
ئاسێنسیۆ لەیاریی دێربیی مەدریددا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بەشێوەیەکی زۆر باش درەوشایەوە، ئەمەش وایکرد هاندەران داوای ئەوە بکەن کە ئەو یاریزانە وەک یاریزانێک بۆ داهاتوو لە تیپەکەدا بمێنێتەوە و یانەکەیان دەستبەرداری نەبێت.
بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، ئەمڕۆ یەکشەممە یانەی ریال مەدرید بەردەوامی داوە بە هەوڵەکانی بۆ دەستەبەرکردنی گرێبەستێکی نوێ بۆ ئاسێنسیۆ.
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، ئێستا یانەکە ئامادەیە دانوستاندنەکان چڕبکاتەوە، کە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو گفتوگۆ سەرەتاییەکانی لەگەڵیدا دەستپێکردبوو، بەو پێیەی کارگێڕیی و ستافی تەکنیکی یانەکە زۆر دڵخۆشن بەگەشەسەندنی تواناکانی یاریزانە لاوەکە، و دەڵێن "مسۆگەرکردنی داهاتووی لەگەڵ تیپەکە بووەتە بژاردەیەکی سەرەکی یانەکە".
ئاسێنسیۆ لە دوایین یاریی دێربیدا تواناکانی خۆی نیشاندا، چونکە لە رووبەڕووبوونەوەی یەک بە یەکدا بەهێزبوو، خێرابوو لەگەڵ تۆپدا، بڕیاری بوێرانەی دەدا، ئەمەش وایکرد بەشێوەیەکی کاریگەر مامەڵە لەگەڵ یاریزانە دیارەکانی وەک جولیان ئەلڤارێز و ئانتوان گریزمان بکات.
شێوازی یاریکردنی ئاسێنسیۆ بەشێوازی یاریکردنی بەرگریکارانی پێشووی یانەی ریال مەدرید، ناچۆ و سێرخیۆ رامۆس دەچێت، ئاستە سەرنجڕاکێشەکانیشی وا دەردەخەن کە لە تاقیکردنەوەی متمانەپێکردن و یەکگرتوویی یانەکەدا دەرچووە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، چیدی ئاسێنسیۆ وەک بژاردەی سێیەم یان چوارەم لە هێڵی بەرگری ناوەند نابینێت، و پێدەچێت رۆڵێکی گرنگتر لە سیستمی بەرگری تیپەکەدا بگرێتە ئەستۆ، کە بەدڵنیاییەوە ئەگەر قەیرانی پێکان نەبووایە، لەوانەیە ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخسابووایە بۆ ئەوەی تواناکانی بسەلمێنێت.
راول ئاسێنسیۆ لەم وەرزدا لە 31 یاریی سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەشداری کردووە، کە دوایینیان بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو لە دێربیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ