مارتینێز نهێنی بردنەوەی نەیشنسلیگ ئاشکرا دەکات

09-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆبێرتۆ مارتینێز کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دڵخۆشیی خۆی بەبردنەوەی نازناوی نەیشنسلیگ پێشاندا و ستایشی ئاستبەرزیی یاریزانەکانی دەکات و دەڵێت "سوودمان لە کەسایەتیی رۆناڵدۆ وەرگرت."
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر ئیسپانیا، مارتینێز قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئێمە یەک تیپین، کاپتنیش زۆر گرنگە، کاپتنێک بەو جۆرە ئەزموونەی کە هەیەتی زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی بەهاکان بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی بەهێز پێشانبدات، تیپێکی وەکو ئیسپانیا دووجار لە گۆڵکردندا لە پێشەوە بوو، بەڵام کاپتن ئەزموونێکی زۆری هەیە، ئێمە ئەزموونەکەی ئەومان بەکارهێنا، هێزی ئەومان بەکارهێنا، هەروەها نیشانماندا کە ئامادەین بۆ بردنەوە."
 
لەبارەی ئەوەی چ هەستێکی هەیە بۆ بردنەوەی نازناوەکە، مارتینێز دەڵێت "پێموایە قورسە بتوانیت ستایشی هەستەکە بکەیت، چونکە ئەوە هەستێکی باوەڕپێنەکراوە، ئەمە بەرزترین فۆرمات بوو کە دەتوانیت هەتبێت،ئەنجامدانی 10 یاری و گەیشتن بە قۆناخی هەشت، یارییکردنی چوون و گەڕانەوە بەرامبەر دانیمارک و گەڕانەوە کاتێک لە دواوەوە بووین، یارییکردن بەرامبەر ئەڵمانیا لەنێو خاکی خۆیان و لەکاتێکدا یاریگە پڕە، کەسایەتییەکی باوەڕپێنەکراومان هەیە، کەواتە لە هەموو لایەنەکانەوە، ئێمە لەلایەنی تەکتیکییەوە گەورە بووین."
 
رۆبێرتۆ باس لەوە دەکات کە هەمیشە تۆپی پێ دەرفەتی نوێ بە مرۆڤ دەبەخشێت و بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم، بەوەی کە یاریزانەکان کردوویانە، ئەمە ئەو ساتەیە کە پێویستە چێژی لێ وەربگرین و دەزانین جامەکە چ مانایەکی بۆ هاندەرانمان هەیە، ئێمە لە یۆرۆدا لێرە بووین و هەستمان بە نائومێدی کرد بەلێدانی یەکلاکەرەوە دۆڕاین، پێموایە تۆپی پێ دەرفەتێکی دیکەت پێدەبەخشێت و پێموایە ئێمە ئەو دەرفەتەمان بۆ رەخسا و پاداشتی هاندەرانمان دایەوە کە بەتەواوی شایەنی ئەوە بوون."
 
رۆبێرتۆ مارتینێز، ئەمە یەکەم نازناوی نێودەوڵەتییە لە کاروانی کارکردنیدا وەکو راهێنەر بەدەستیدەهێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە