سپالێتی دوایین یاریی خۆی لەگەڵ ئیتاڵیا ئەنجامدەدات

09-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لۆچیانۆ سپالێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لۆچیانۆ سپالێتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا رایگەیاندووە ئەمڕۆ سێشەممە، دوایین یاریی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی ئەنجامدەدات و ئیدی دەستلەکاردەکێشێتەوە.
 
سپالێتی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یاریی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر مۆڵدۆڤا لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو، ئاشکرایکرد دوای شکستی یاریی پێشوو بەرامبەر نەرویج بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی ئیتاڵیا پێی راگەیاندم لە پۆستەکەم دووردەخرێمەوە.
 
ئەو هەروەها گوتی، "دڵخۆش نیم بەو کارە. لەبەرئەوەی نیازی بەجێهێشتنی هەڵبژاردەکەم نەبوو، بەتایبەت کاتێک دۆخەکان بەباشی بەڕێوەنەدەچوون، من مانەوەم پێ باشتربوو لەگەڵ بەردەوامبوون لە کارەکەم".
 
ئەو راهێنەرەی پێشووی ناپۆلی هەروەها گوتی، "لەکۆتاییدا ئەمە دوورخستنەوەیە و من دەبێ قبووڵی بکەم، هەموو کات ئامادەبووم بۆ خزمەتی نیشتمانەکەم و بەشداربوون لە داهاتووی هەڵبژاردەکەمان، پێموایە رێگەراستەکە ئەوەیە کاربکەین بۆ باشتر".
 
سپالێتی 66 ساڵان، لە مانگی هەشتی 2023دا شوێنی رۆبێرتۆ مانچینی گرتەوە. ئەو لە 23 یاریدا سەرپەرشتی هەڵبژاردەکەی کرد، 11 بردنەوە، 6 یەکسانبوون و 6 شکستی هەبوو.
 
سپالێتی سەرکەوتوو بوو لە سەرخستنی ئیتاڵیا بۆ یۆرۆی 2024. بەڵام لەنەیشنسلیگی ئەمجارەدا لەسەردەستی سویسرا لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا دەرکرا.
 
ئیتاڵیا بەساڵانێکی سەخت و پڕ کێشە لەسەرئاستی بەشداریکردن لە مۆندیالەکان تێدەپەڕێت. ئازۆری بەشداری لە مۆندیالی 2018 و 2022 نەکردووە، ئەگەرچی کاروانی لە پاڵاوتنەکانی ئەمساڵ زۆری ماوە، بەڵام شکستی لەیەکەم یاریی بەرامبەر نەرویج، گوشاری زۆری لەسەر راهێنەری هەڵبژاردەکە دروستکرد.
 
رۆژێک بەر لە قسەکانی سپالێتی، گابریێلی گرافینا، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، پشتگیری خۆی بۆ راهێنەری هەڵبژاردەکەی دووپاتکردەوە، هەربۆیە دەستلەکارکێشانەوەکەی ئەو را‌هێنەرە، لای هاندەران جێگەی شۆک و سوپرایز بوو.
 
سەرچاوەکانی ئیتاڵیا دووپاتیدەکەنەوە، بەربژێرترین راهێنەر بۆ مەشقدانی ئیتاڵیا لەماوەی داهاتوودا، کڵاودیۆ رانیێری راهێنەری پێشووی رۆمایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە