رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە جۆزێ مۆرینیۆ بەربژێری یەکەمی مەشقدانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بووە، بەڵام جیان لویجی بۆفۆنی ئەفسانەی هەڵبژاردەکە، بەتووندی لە دژی ئەو کارە وەستاوەتەوە.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا سەرقاڵی تاوتوێکردنی ناوی ژمارەیەک راهێنەری بەربژێربوو بۆ مەشقدانی ئازۆری، بەپێی سەرچاوەکان مۆرینیۆ لە هەرە نزیکەکان بووە، بەڵام بۆفۆن رێگری گەورەبووە لەو کارە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، دوای دەستلەکارکێشانەوەی لۆچیانۆ سپالێتی، پاش چەند هەفتەیەک لێکۆڵینەوە، بڕیاریدا جینارۆ گاتۆسۆ بەراهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە دەستنیشان بکات.
سەرچاوە ئیتاڵییەکان دەڵێن، لەنێو ژوورەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیادا، ناوی جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری یانەی فەنەرباهچەی تورکی، وەک یەکێک لەدیارترین بەربژێرەکان بۆ پۆستەکە قسەی لەسەرکراوە، بەڵام بۆفۆن و هەندێک هۆکاری دیکە، رێگربوون لەسەرگرتنی کارەکە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، بۆفۆن کە سەرۆکایەتی لیژنەی دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکەی کردووە، بەبژاردەی مۆرینیۆ رازی نەبووە، چونکە پێیوابووە کە پێویستە راهێنەری داهاتوو تەواو ئیتاڵی بێت، تاوەکو جۆشوخرۆشی نیشتمانییانە بۆ یاریزانە بگوازێتەوە.
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، رێگرییەکی دیکەی بەردەمی هێنانی مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی ئیتاڵیا، دەستپێوەگرتنی کارگێڕیی یانەی فەنەرباهچە بووە بە مۆرینیۆوە کە رازی نەبوون دەستبەرداری بن.
بۆفۆن گوتویەتی، ئیتاڵیا پێویستی بەئەفسانەیەکی ئیتاڵی هەیە کە کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت، توانای گێڕانەوەی رۆحی ئیتاڵییانەی بۆ هەڵبژاردەکە هەبێت و ئومێدی گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو زیندوو بکاتەوە.
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە دوو مۆندیالی رابردوودا بەشداریی نەکردووە، لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتووشدا، یاریی یەکەمی بەرامبەر نەرویج دۆڕاندووە و ئەوەش ترسی لای ئیتاڵییەکان دروستکردووە بەوەی بۆ سێیەم مۆندیالی لەسەریەک، بەشداریی نەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ