رووداو هەولێر
یەکێتیی بالەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی بالەی کچانی عێراق لە شاری هەڵەبجە بە بەشداری نۆ یانە دەستپێبکەن.
وەرزی ئەمساڵ یارییەکانی خولەکە بە دوو قۆناخ بەڕێوەدەچن، یارییەکانی قۆناخی یەکەم رۆژی 14ـی ئەم مانگە لە هەڵەبجەیە و یارییەکانی قۆناخی دووەم بۆ دیاریکردنی پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵ لە شاری هەولێر دەبێت.
یانەی ئەکاد عەنکاوە خاوەن زۆرترین نازناوی خولەکە کە حەوت نازناوی بردووەتەوە، ئەمساڵ دەیەوێت بۆ سێیەم وەرز لەسەر یەکدی نازناوەکە بباتەوە و بەپێکهاتەیەک کە راهێنەر و هەشت یاریزانی لە هەڵبژاردەی بالەی عێراق یاریدەکەن، دەیانەوێت نازناوێکی دیکە بهێننەوە عەنکاوە.
راندی مەتی، راهێنەری یانەی ئەکاد عەنکاوە، لە لێدوانێکی بۆ رووداو گوتی "ئێمە ئامادەکارییەکی زۆر باشمان کردووە و لە تەواوی ساڵ راهێنانمان رانەگڕتووە و دەمانەوێت نازناوەکە ببەینەوە".
خانمانی عەنکاوە لە مێژووی خولی بالەی عێراق بۆ ئاستی خانمان خاوەن زۆرترین نازناون کە حەوت جار نازناوەکەیان بەرزکردووەتەوە، ئەمساڵ تیپەکە جیا لە بەشداریکردن لە کێبرکێی ناوخۆی عێراق دەیەوێت بەشداری پاڵەوانێتیی یانەکانی عەرەب بکات.
ئۆدیت باسل، خانمە یاریزانی یانەی ئەکاد عەنکاوە، لەبارەی ئامادەکارییان روونیکردەوە "ئێمە بە مۆراڵێکی بەرزەوە ململانێی نازناوەکە دەکەین، تیپەکەمان بەهێزە و چاومان لەوەیە بچین رکابەری خانمانی وڵاتانی عەرەب بکەین".
یانەکەی عەنکاوە بایەخێکی زۆر بە وەرزشی خانمان دەدات، تەنیا لە یاریی بالەدا خاوەن حەفتا یاریزانە لە تیپەکانی پێشکەوتووان، لاوان لەگەڵ فێرگەیەکی تایبەت بەو یارییە، تیپی پێشکەوتووانی یانەکە چوار بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە لە وڵاتانی ئیمارات و کوێت هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ