ناکۆکی و کەشێکی ئاڵۆز ژووری جلگۆڕینی ریال مەدریدی تەنیوە

09-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ژووری جلگۆرینی ریال مەدرید ڤینیسیۆس جۆنیۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

ئەستێرەیەکی ریال مەدرید لە دابڕانێکی تەواودایە لەگەڵ هاوڕێکانی لە ژووری جلگۆڕین،  ڤاڵڤێردی خۆی لێ دووردەخاتەوە و کۆرتوا بەتەواوی پەیوەندی لەگەڵ نەماوە.
 
لەنێو کەشێکی ئاڵۆز و کاتە هەستیارەکانی ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید، هەڵوێستێکی ناڕوون و تەمومژاوی لە ئەستێرەیەکی تیپەکە دەرکەوتووە، کە بووەتە باسی گەرمی میدیا و هاندەران. 
 
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە باس لە گۆڕانکاریی چاوەڕواننەکراو دەکەن لە ئاستی پەیوەندیی نێوان ڤینیسیۆس جۆنیۆر و کارگێڕی و هاوڕێکانی، ئەمەش پرسیاری زۆری لەبارەی داهاتووی راستەقینەی لەگەڵ یانەی شاهانە دروست کردووە.
 
لەکاتێکدا گومانەکان لەسەر چارەنووسی گرێبەستەکەی زیاد دەکەن، وا دەردەکەوێت یاریزانەکە وردە وردە ئەو پێگەیەی کە لەناو تیپەکەدا هەیبوو لەدەستی دەدات، ئەمەش وای لە هەندێک کەس کردووە دۆخەکەی بە "دابڕاو" لەنێو ژووری جلگۆڕیندا وەسف بکەن، چونکە چەندین رۆژە ئەستێرەکانی تیپەکە پەیوەندییان پێوە نەکردووە، تەنانەت دەگووترێت "ڤاڵڤێردی خۆی لێ دووردەخاتەوە و کۆرتوا بەتەواوی پەیوەندی لەگەڵ نەماوە".
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی، لە وەرزەکانی رابردوودا یەکێک بوو لە گرنگترین ئەستێرەکانی ریال مەدرید، بەڵام ئەمڕۆ رووبەڕووی قەیرانێکی راستەقینە بووەتەوە لەگەڵ یانەکە.
 
داواکارییە داراییەکانی یاریزانەکە، کە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، بوونەتە بەربەستێکی پتەو لەبەردەم هەر رێککەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی. ڤینیسیۆس هەوڵ دەدات ببێتە خاوەنی بەرزترین مووچە لە تیپەکەدا و تەنانەت ئەستێرە جیهانییەکانی وەک کیلیان ئێمباپێش تێپەڕێنێت، ئەمەش ئاواتێکە کە لای کارگێڕیی یانەکە بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز جێگەی قبوڵ نەبووە.
 
قەیرانەکە تەنیا پەیوەست نییە بە ژمارەکانەوە، بەڵکو بەڕوونی رەنگی داوەتەوە لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوڕێکانیدا، کە هەست بەتەنیاییەکی زۆرتر دەکات لە ژووری جلگۆڕیندا و چیدی وەک جاران پشتیوانی لێناکرێت، بەڵکو بووەتە جێگەی ناڕەزایی هەندێک لە یاریزانان کە لە پاڵنەرەکانی تێناگەن بۆ هەوڵی بەردەوامی تاوەکو بەهەر نرخێک بێت ببێتە ئەستێرەی یەکەم.
 
کار گەیشتە ئەوەی هەندێک لە بەرپرسە باڵاکانی یانەکە پێشنیازی دەستبەرداربوون لە یاریزانەکەیان بۆ سەرۆکی ریال مەدرید کردووە، بۆ ئەوەی خۆیان لە دووبەرەکیی زیاتر بەدوور بگرن و ئارامی بگەڕێننەوە بۆ کەشی یانەکە.
 
ئەو یاریزانەی کە سەردەمانێک هێمای یانەکە بوو، ئەمڕۆ بووەتە تەوەری ناکۆکییە ناوخۆییەکان، لەنێو دابەشبوونێکی رووندا لەنێوان یاریزانان سەبارەت بە رەفتار و کردەوەکانی، بەتایبەتی کە ئێستا وەک هۆکارێک بۆ تێکدانی ئارامیی ژووری جلگۆڕین سەیر دەکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە