ژیریی دەستکرد خۆشترین هەواڵ دەداتە کریستیانۆ رۆناڵدۆ

09-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ ژیریی دەستکرد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ژیریی دەستکرد هیوای بە ئەفسانەی پۆرتوگالی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی بەخشی، بۆ بەدیهێنانی خەونەکەی پێش وازهێنانی لە تۆپی پێ، بە پێشبینیکردنی بردنەوەی مۆندیالی 2026 لەلایەن هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە، کە بڕیارە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەبچێت.
 
مۆندیالی 2026 دوایین بەشداری دەبێت لە کاروانی پیشەگەریی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەدا، چونکە ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە 40 ساڵ و تەمەنی رێگەی پێنادات چیدی بەشداری لە پاڵەوانێتییە کیشوەری و جیهانییەکاندا بکات.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ماوەی کاروانی وەرزشیی خۆیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە 5 خولی جامی جیهانیدا بەشداری کردووە و باشترین دەستکەوتی لە یەکەم بەشداریکردنیدا لە مۆندیالی 2006ـی ئەڵمانیا بوو، کاتێک پلەی چوارەمی بەدەستهێنا.
 
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی پێشووی مۆندیالی 2022ـی قەتەر لەسەر دەستی هەڵبژاردەی مەغریب کرایە دەرەوە، دوای ئەوەی بە ئەنجامی 0-1 پێی دۆڕا.
 
ژیریی دەستکردەکە پێشبینی براوەکانی نازناوی 10 مۆندیالی داهاتووی کردووە، و سوپرایزەکە بوونی هەڵبژاردەیەکی عەرەبی و ئەفریقی بوو لە لیستەکەدا.
 
ژیریی دەستکرد پێشبینی کردووە هەڵبژاردەی پۆرتوگال مۆندیالی 2026 بباتەوە و هەڵبژاردەی مەغریب نازناوی مۆندیالی 2030 بەدەستبهێنێت، کە مەغریب بەهاوبەشی لەگەڵ ئیسپانیا و پۆرتوگال میوانداریی دەکات.
 
هەروەها پێشبینی کردووە ئیسپانیا براوەی مۆندیالی 2034 بێت، کە لە سعودیە بەڕێوەدەچێت. جگە لەوەش پێشبینیی بردنەوەی هەردوو مۆندیالی 2042 و 2058 لەلایەن ئەرجەنتینەوە کردووە. دەڵێت فەرەنسا لە 2046 و 2062 مۆندیال دەباتەوە و بەرازیل لە 2038 دەبێتە پاڵەوانی جیهان. ئینجا پۆرتوگال جارێکی دیکە لە 2050 مۆندیال دەباتەوە و مۆندیالی 2054ـیش بۆ ئەڵمانیایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە