مانچێستەر یونایتد گرێبەستە گرانبەهاکەی راگەیاند

09-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن بنیامین شێشکۆ مانچێستەر یونایتد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی بەفەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ بنیامین شێشکۆی هێرشبەری سلۆڤینی راگەیاند کە بەرامبەر 80 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانییەوە دێت.
 
بڕی گرێبەستەکەی ئەو یاریزانە بە پاداشتەوەکانەوە دەگاتە 85 ملیۆن یۆرو و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە درێسی یانە ئینگلیزییەکە یاری دەکات.
 
پێشتر بنیامین شێشکۆ پشکنینە پزیشکییەکانی لە مانچێستەر یونایتد بەسەرکەوتوویی تێپەڕاندبوو، هەروەها هەردوو یانەکەش سەرجەم بەڵگەنامەکانی گرێبەستەکەیان واژۆ کردبوو. ئەمرۆش هێرشبەرە سلۆڤینییەکە دوایین هەنگاوەکانی بۆ تەواوکردنی گواستنەوەی لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانییەوە بۆ مانچێستەر یونایتد تەواوکرد و یانەکە بەفەرمی گرێبەستی راگەیاند.
 
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە نرخی گرێبەستی شێذکۆ بە پاداشتەکانیشەوە دەگاتە 85 ملیۆن یۆرۆ و مووچەی هەفتانەی 160 هەزار پاوەند دەبێت، بەڵام لە ئەگەری سەرکەوتنی مانچێستەر یونایتد بۆ خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، مووچەکەی بۆ 200 هەزار پاوەند بەرزدەبێتەوە. بەمەش دەچێتە ریزی پێنج یاریزانی خاوەن بەرزترین مووچە لە یانەکەدا.
 
کاسێمیرۆی بەرازیلی بە مووچەی هەفتانەی 350 هەزار پاوەند لە پێشەنگی لیستەکەیە، دوای ئەویش کاپتن بڕۆنۆ فێرناندێز دێت بە 300 هەزار پاوەند. ئینجا جەیدن سانچۆ و مەیسن ماونت بە 250 هەزار پاوەند بۆ هەریەکەیان، لەکاتێکدا ماتیاس دی لێخت بە 195 هەزار پاوەندی هەفتانە لە پلەی پێنجەمدایە. 
 
دوای ئەوەی مارکۆس راشفۆرد ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی بەرەو بارسێلۆنای ئیسپانی بەجێهێشت، یانەی شەیتانە سوورەکان زۆر پێویستییان بەوە بوو هێرشبەرێکی دیکە بگوازنەوە و سەرکەوتوو بوون لە گواستنەوەی یەکێک لە باشترین هێرشبەرە لاوەکانی ئێستای ئەورووپا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە