رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا هاندەرانی بارسێلۆنا تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ کامپ نو، یاریگە مێژووییەکەی بارسێلۆنا، تووشی ئاستەنگیی گەورە بووەتەوە و پێناچێت تاوەکو کۆتایی ئەم مانگەش، یانەکە لەو یاریگەیە یاریی بکات.
رۆژی 14/9/2025 یانەی بارسێلۆنا، لە یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی یانەی ڤالێنسیا دەبێتەوە و هەمووان چاوەڕێی ئەوەن، یارییەکە لە یاریگەی ناسراوی یانەکە، کامپ نو ئەنجام بدرێت، بەڵام زۆربەی ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن، یارییەکە لەوێ نەبێت و لە یاریگەیەکی دیکە ئەنجامبدرێت.
یانەی بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە بەدەستهێنانی رێپێدانی فەرمیی ئەنجوومەنی شاری بارسێلۆنا بۆ کردنەوەی یاریگەی کامپ نو، ئەو رێپێدانە، داواکارییەکی یاسایی گرنگە بۆ ئەوەی رێگەبدرێت، هاندەران لە پەیژەکانی یاریگەکە ئامادەبن و بۆ بەدەستهێنانی، یانەی بارسێلۆنا پێویستە بەڵگەنامەی پێویست بداتە ئەنجوومەنەکە، بۆ ئەوەی دڵنیایان بکاتەوە لەوەی کە بەشی یەکەمی نۆژەنکردنەوەی کامپ نو بەسەرکەوتوویی ئەنجامدراوە و کۆتاییهاتووە، سەرەڕای پێشکەوتنی کارەکان، بەڵام هێشتا ئەو بەڵگەنامە پێویستانە بەردەست نین.
بارسێلۆنا لە ساڵی 2023، دەستی بە نۆژەنکردنەوەی یاریگەی کامپ نو کرد و وابڕیاربوو لە پرۆژەی نۆژەنکردنەوەکەدا، 900 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکرێت، پڕۆژەکە بە هەردوو قۆناخی یەکەم و دووەمی نۆژەنکردنەوەکە، پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییەکانی ساڵی 2026 کۆتاییانبێت.
میدیای کەتەلۆنیا، ئەو حاڵەی بارسێلۆنایان بە 'پێشبڕکێ لەگەڵ کات' ناوبردووە، چونکە کەمتر لە 4 رۆژ ماوە بۆ ئەوەی یارییەکەی بارسێلۆنا و ڤالێنسیا ئەنجام بدرێت و تاوەکو ئێستا روون نییە لە چ یاریگەیەک دەبێت.
لالیگا و یانەی بارسێلۆنا دەیانەوێت، پلانی لەناکاو ئامادەبکەن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، ئەویش ئەنجامدانی یاریی یانەکە بەرامبەر ڤالێنسیایە لە یاریگەی یۆهان کرۆیف، ئەو یاریگەیەش توانای لەخۆگرتنی 6000 هاندەری هەیە و یارییەکانی تیپی لاوانی بارسێلۆنا و تیپی خانمانی یانەکەی تێدا بەڕێوەدەچن، یانەی بارسێلۆنا یاریگەکەی بە ڤار و کەرەستەی پێویست بۆ یاریی گەورە ئامادەکردووە، ئەوەش گومانەکانی زیاتر کردووە لەوەی، یانەکە دەزانێت کە یارییەکە لەوێ دەبێت.
لە ئەگەری ئامادەنەبوونی یاریگەی یۆهان کرۆیف، بارسێلۆنا بەناچاری دەگەڕێتەوە یاریگەی مۆنتجویک و لەوێ یارییەکە ئەنجامدەدات.
بارسێلۆنا ئەم مانگە لە یاریگەی خۆی، رووبەڕووی خیتافی، ریال سۆسیێداد و پاریس سانجێرمان دەبێتەوە، بەپێی میدیای ئیسپانیا، یانەکە ناتوانێت هیچکام لەو یارییانە لە کامپ نو ئەنجامبدات و سەرجەمییان لە یاریگەی مۆنتجویک ئەنجامدەدرێن.
پێشبینکراوە، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یەکەمیی یاریگەی کامپ نو، لە کۆتایی ئەم مانگە تەواو بن و یاریگەکە ئامادە بێت بۆ کرانەوە، بەڵام بەشێکی پەیژەکان ئامادە دەبن و تەنیا 27 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت.
لە هاوینی 2026، دووبارە یاریگەکە نۆژەندەکرێتەوە بۆ ئەوەی بگاتە تەواوی توانای خۆی و 105 هەزار هاندەر لەخۆ بگرێت.
یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت گەڕانەوەکەی کامپ نو، بەبێ هیچ کێشەیەک و بە رەچاوکردنی رێکارەکانی سەلامەتی رووبدات، ئەوان نایانەوێت لەبەر پەلەکردن، بکەونە هەڵەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ