رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە کاژێر 02:30 پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال بۆ هەڵبژاردەی بەرازیلیش کۆتاییدێن و هەڵبژاردەکە دوایین یاریی خۆی لە پاڵاوتنەکاندا ئەنجامدەدات.
بەرازیل پێشتر سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەرکردووە و تاکە هەڵبژاردەیە بەشداریی لە هەموو مۆندیالەکاندا کردبێت، دوو رۆژ لەمەوبەر تیپەکە دەستیان بە ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەم یارییە کردەوە و دەیانەوێت بەبردنەوە کۆتایی بە کاروانەکەی لە پاڵاوتنەکاندا بهێنن.
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ئیتاڵی، بڕیاریدا لە دوو یاری کۆتایی قۆناخی پاڵاوتنەکاندا بێ ڤینیسیۆس جونیۆر، نەیمار و بەشێکی یاریزانە دیارەکانی دیکە رووبەڕووی رکابەرەکانی ببێتەوە و لە یەکەمیاندا سەرکەوتوو بوو و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی چیلیان بردەوە.
راهێنەرەکەی پێشووی ریال مەدرید روونیکردەوە کە هەوڵدەدات چەند یاریزانێک تاقیبکاتەوە کە لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا، کە لە مانگی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە، نەیبینیوون.
سیلیساو لە پاڵاوتنەکاندا 28 خاڵی بەدەستهێنا و بەجیاوازیی 10 خاڵ لەگەڵ ئەرجەنتین سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەر کردووە.
بۆلیڤیا دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی هەلی گەیشتن بە پاشکۆی پاڵاوتنەکان لەدەست نەدات، کە هێشتا هیوایەکی کەمیان ماوە بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ