رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت درێژە بە رۆژە خۆشەکانی بدات، کاتێک لە رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا بەرامبەر یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی یاری دەکات.
ئەمشەو یارییەکانی گەڕی شەشەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەستپێدەکەن، یانەی بارسێلۆنا لە یاریگەی کامپ نو میوانداریی یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی دەکات و یانەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی رۆژە خۆشەکانی بەردەوامبن، دوای ئەوەی لە پێشەنگی ریزبەندی لالیگادا جیاوازییەکەیان لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بووە چوار خاڵ.
رۆژی دووشەممە بلاوگرانا دوایین مەشقەکانی لەنێو کەشێکی پڕ لە پێکەنین و زەردەخەنە ئەنجامدا و تیپەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی دیکەی ئەورووپی ئامادەیە و دەیەوێت سێ خاڵی دیکە بباتەوە بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی یەکێک لە هەشت بلیتەکەی پێشەوە نزیک ببێتەوە و بە راستەوخۆ بگاتە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ.
بارسێلۆنا لە دوایین دوو یاریی چامپیۆنزلیگدا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و ئێستا لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندە، یانەکە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی بەرامبەر چێڵسی، رۆناڵد ئاراوخۆ بەشداری لەم یارییەدا ناکات، دانی ئۆلمۆ پێکانی هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
ئینتراخت فرانکفۆرت لەسەر ئاستی ئەورووپا دوای ئەنجامدانی 5 یاری تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و لە سێ یارییدا دۆڕاوە، دوایین یارییشی لە بوندێسلیگا بە شەش گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاندووە و لە دۆخێکی باشدا نییە، بارسا دەیەوێت سوود لەو دۆخە خراپەی ئەو یانەیە وەربگرێت کە پێیدا تێدەپەڕێت.
یارییەکە لە کاتێکدا پێشتر لە یۆرۆپالیگدا، ئینتراخت فرانکفۆرت لە کامپ نو لە بارسێلۆنای بردووەتەوە و 30 هەزار هاندەری ئەڵمانی لە یاریگەدا ئامادەبوون و ئەوە بە ئابڕووچوونێکی گەورە لە مێژووی بارسێلۆنادا تۆمارکراوە کە ئەو هەموو هاندەرە توانیوویانە بلیتی یارییەکان لە هاندەران بارسا بکڕنەوە و لە یاریگەدا ئامادەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ