ئێران و میسر دژی ناونانی یاریی نێوانیان بە 'رێزگرتن لە هاوڕەگەزخوازان دەوەستنەوە'

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیشانەکردن مۆندیالی 2026
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران و میسر، ناڕەزایی خۆیان لەبارەی دەستنیشانکردنی یاریی نێوانیان لە مۆندیالی داهاتوو بە 'رێزگرتن لە هاوڕەگەزخوازان' گەیاندە فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا).
 
دوێنێ میدیاکان سەرنجیان خستە سەر هەواڵێک کە تێیدا ئاشکراکراوە، رێکخراوی پشتگیری لە هاوڕەگەزخوازان لە شاری سیاتڵی ئەمریکا رایگەیاندووە، یاریی نێوان ئێران و میسر لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال کە لەو شارە ئەنجامدەدرێت، ئاهەنگێکی تایبەت بە پشتگیریکردن لە هاوڕەگەزخوازان لەخۆ دەگرێت.
 
بەپێی رێکخراوەکە، پلانی ئەو ئاهەنگە پێش تیروپشکی مۆندیال بووە و وابڕیار بووە هەر یارییەک لە رۆژی 26/6/2026 لە سیاتڵ ئەنجامبدرێت، ئەو ئاهەنگەی تیادا ئەنجامبدرێت، دوای تیروپشکەکە دەرکەوت، ئەو یارییە لەنێوان هەڵبژاردەکانی میسر و ئێران دەبێت.
 
مەهدی جات، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی میسر، ناڕەزایەتییان گەیاندووەتە فیفا، لەبارەی ناونانی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە بەیاریی پشتیوانیی لە هاوڕەگەزخوازان.
 
مەهدی جات دەڵیت، لە کۆمیتەی بەڕیوەبەریی یارییەکانی فیفادا پرسەکە باسدەکرێت. ئەو دەڵێ لەو کۆمیتەیە قسەی خۆیان دەکەن.
 
ئەم قسەیە سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لەکاتێدایە کە ناڕەزایی فەرمیی ئێران لە ماڵبەڕی فیدراسیۆنەکەدا نییە. هەروەها فیدراسیۆنی تۆپی پیی میسریش تاوەکو ئێستا هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی هەواڵەکەوە رانەگەیاندووە.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان پێشبینی دەکەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی هەردوو وڵات بەتووندی دژی ئەو ناونانە بۆ یارییەکەی نێوانیان بووەستنەوە، بەتایبەت کە یاسا نێوخۆییەکانی هەردوو وڵات، رێگە بەهاوڕەگەزخوازیی نادەن و سزای تووندیان لەسەرە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە