دەرکردنی ئەستێرەیەک مەرجی گەڕانەوەی زیدانە بۆ ریال مەدرید

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن زینەدین زیدان ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید باس لەوە دەکەن کە زینەدین زیدانی راهێنەری فەرەنسی رازی بووە بگەڕێتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی مێرینگێ، بەڵام چەند مەرجێکی هەیە.
 
قەیرانێک بەرۆکی ریال مەدریدی گرتووە و سەرۆک و بەرپرسانی یانەکە پێیانوایە چارەسەری لای زینەدین زیدانی راهێنەری پێشووی یانەکەیە، کە بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە کارگێڕیی یانەکە، زیزۆ بە پلانێکەوە بۆ بنیادنانەوەی تەواوەتیی تیپەکە دەگەڕێتەوە.
 
ریال مەدرید پێ دەنێتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ، کە لاوازیی و نەبوونی بیرۆکە و پاشەکشەی کاریگەریی پلانەکەی چابی ئەلۆنسۆی ئاشکراکرد. پێکانەکان و دەرکردنی یاریزانان بە کارتی سووە دۆخەکەیان خراپتر کردووە و ئاستی نیگەرانییان لە نێو یانەکەدا بەرزکردووەتەوە.
 
چەندین راپۆرت جەختیان لە بەستنی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ کردووەتەوە بۆ شیکردنەوەی قەیرانەکە و دیاریکردنی چارەنووسی راهێنەرەکە. یارییەکەی مانچێستەر سیتی بووەتە دوا تاقیکردنەوە لە بەردەم چابی ئەلۆنسۆ، کە تێیدا پێویستی بە سەرکەوتن یان ئاستێکی قایلکەرە بۆ مانەوە.
 
لە هەمانکاتدا، ناوی زینەدین زیدان بە بەهێزی گەڕاوەتەوە بۆ بەرباس، کە بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، راهێنەرە فەرەنسییەکە ئامادەیە بۆ گەڕانەوە ئەگەر یانەکە پێویستی بە کەسێک بێت رزگاری بکات و دەڵێن "زیزۆ پلانێکی روونی هەیە بۆ گۆڕانکاری کە بریتییە لە گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێکی سەرەڕم بۆ ئەوەی ئێمباپێ بگەڕێتەوە شوێنی سروشتی خۆی، و هێنانی یاریزانێکی ناوەڕاستی بەرگریکار بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوسەنگییەی لە دوای رۆیشتنی کاسیمێرۆوە ونبووە، لەگەڵ زیادکردنی بەرگریکارێکی بەهێزی باڵی چەپ بۆ پتەوکردنی هێڵی بەرگری".
 
هەروەها ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە زیدان داوای رۆیشتنی هەندێک ناوی دیار دەبکات، لە سەرووی هەموویانەوە ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی، جگە لە یاریزانانی وەک سیبایۆس یان ئیبراهیم دیاز، بۆ چۆڵکردنی شوێن بۆ یاریزانانێک کە کاریگەرییان زیاتر بێت.
 
کێشەی سەرەکی لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا دەمێنێتەوە، کە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی گەورە لە ناوەڕاستی وەرزدا قورس دەکات، لەکاتێکدا ریال مەدرید هەڕەشەی لەدەستدانی زۆر شتی لەسەرە پێش هاوین، ئەوکاتەی کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە پێی باشە بڕیارە گەورەکان ئەوکات بدرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە