رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار زینەدین زیدانی راهێنەری فەرەنسی، وەڵامی ئەگەری گەڕانەوەی بۆ راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید دەداتەوە.
یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ شەوێکی نایابی بەخۆیەوە بینی، کە تەنیا تایبەت نەبوو بەنێو چیمەنی یاریگاکە و هاتریکە مێژووییەکەی ڤاڵڤێردی لە تۆڕی مانچێستەر سیتی، بەڵکو گەیشتە ئەفسانەی یانەکە و راهێنەری پێشووی، زینەدین زیدان، کە خۆی لەبەردەم گەمارۆی پرسیارەکانی بەرنامەی بەناوبانگی ئیل چیرینگیتۆدا بینییەوە.
لەو کاتەی زیدان بە پێکەنینەوە دوای سەرکەوتنە گەورەکەی تیپە کۆنەکەی 3-0 یاریگای جێدەهێشت، مارکۆس بێنیتۆی رۆژنامەنووس بە پرسیاری راستەوخۆ دەربارەی داهاتووی راهێنەرایەتی رووبەڕووی بووەوە.
ئەفسانە فەڕەنسییەکە سەرەتا لە پرسیارەکانی رۆژنامەنووسەکە خۆی دزییەوە و هەنگاوەکانی خێرا کرد، بەڵام بێنیتۆ بە پێداگرییەوە شوێنی کەوت و چەندین جار پرسیارەکانی دووبارە کردەوە تاوەکو توانی چەند وشەیەک لە دەمی دەربهێنێت.
هەرچەندە نەیویست باسی داهاتووی خۆی بکات، بەڵام زیدان شانازی خۆی بەوەوە نەشاردەوە کە فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی ئۆرۆگوایی لەو شەوەدا هاتریکی تۆمارکردووە. کاتێک دەربارەی درەوشانەوەی فێدێ و ئەوەی ئایا چاوەڕوانی ئاستێکی لەو شێوەیەی لێدەکرد لە چامپیۆنزلیگدا؟ زیدان بەکورتی و بە سۆزەوە گوتی "من بۆ ئەو دڵخۆشم.. زۆر دڵخۆشم"، ئەمەش بەهێزیی ئەو پەیوەندییەی نیشاندا کە لەگەڵ یاریزانە کۆنەکەیدا هەیەتی.
کاتێک لە زیزۆی پرسی ئایا ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ سەر کورسی یەدەگیی ریال مەدرید، یان چاوەڕێی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆک دەکات؟ راهێنەرە فەرەنسییەکە تەقییەوە لە پێکەنین و دەستی خستە سەر سنگی و تەنیا گوتی "هیچ نییە.. هیچ نییە پیاو.. بەسە"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ رەتکردنەوەی چوونە ناو ئەو وردەکارییانە.
پەرچەکرداری زیدان بۆ پرسیارێک سەبارەت بەڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا هەمان شێوە بوو، تەنیا بەزەردەخەنە و جوڵاندنی سەری وازی هێنا بێ ئەوەی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بداتەوە.
ئەم بێدەنگییە بەردەوامەی زیزۆ دەرگا بەڕووی لێکدانەوەی زیاتردا دەکاتەوە؛ لەکاتێکدا هەندێک پێیانوایە پێکەنینەکانی ئاماژەن بۆ گەڕانەوەیەکی ئەگەر بۆ قەڵای ڤاڵدێبیباس، بەڵام پێشبینییە گەورەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە وێستگەی داهاتووی هێشتا بەڕەنگی هەڵبژاردەی کەڵەشێرەکانەوە بەستراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ