رووداو دیجیتاڵ
چامپیۆنزلیگ گەیشتووەتە هەفتەی کۆتایی ساڵ و کێبڕکێکان لە لووتکەدان. تەنیا سێ خاڵ پاریس سانجێرمانی دووەم لە گاڵاتەسەرای 14ـیەم جیادەکاتەوە. تیپە گەورەکان هەوڵ دەدەن راستەوخۆ خۆیان بگەیەننە قۆناخی 16 و لە یارییەکانی پاشکۆ دووربکەونەوە. بەپێی داتا و ئامارە جیهانییەکان، پێشبینی بۆ پێنج یاریی گرنگی ئەم هەفتەیە کراوە.
بایرن میونشن بەرامبەر سپۆرتینگ لیسبۆن
دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا ریکۆردە بێ خەوشەکەیان بەرامبەر ئارسیناڵ لەدەستدا، بایرن میونشن هەوڵی گەڕانەوە بۆ سەر رێچکەی سەرکەوتن دەدات. یاریزانانی ڤینسێنت کۆمپانی لە یاریگەی خۆیان میوانداریی پاڵەوانی پۆرتوگال دەکەن. سپۆرتینگ وەرزێکی باشی لە ئەورووپا هەبووە و لە پلەی هەشتەم دێت، بەڵام ئەرکیان بەرامبەر هێرشبەرانی بایرن قورس دەبێت. هاری کەین کە لە 13 یاریی بۆندێسلیگادا 17 گۆڵی کردووە، مەترسی سەرەکی دەبێت. بەپێی داتا و ئامارەکان، بایرن میونشن 93% چانسی گەیشتنی راستەوخۆی بە قۆناخی 16 هەیە.
ئینتەر بەرامبەر لیڤەرپوول
ئینتەر لە پلەی چوارەمی ریزبەندیدایە و خاوەنی 12 خاڵە. هەرچەندە تیپەکەی ئینزاگی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕا، بەڵام بەهێزی بەرگرییەکەیان کە تەنیا 3 گۆڵیان لێکراوە، وایکردووە 65% چانسی گەیشتنی راستەوخۆیان هەبێت. لە بەرامبەردا، لیڤەرپوول بە دەست کێشەی بەرگرییەوە دەناڵێنێت و لە 5 یاریی رابردوودا 11 گۆڵیان لێکراوە. ئارنێ سلۆت لەژێر گوشارێکی زۆردایە و دەیەوێت لە سان سیرۆ قەرەبووی دۆڕاندنە گەورەکەی بەرامبەر ئایندهۆڤن بکاتەوە. بردنەوەیەک لە ئیتاڵیا چانسی لیڤەرپوول بۆ گەیشتن بە هەشت تیپە یەکەمەکە بەرزدەکاتەوە.
ئاتلانتا بەرامبەر چێڵسی
لەسەر کاخەز وادەردەکەوێت ئەرکی چێڵسی لە ئیتاڵیا ئاسان بێت، بەڵام ئاتالانتا لە ئەورووپا ئاستێکی جیاواز پێشکێش دەکات و خاوەنی 10 خاڵە. چێڵسی بەدەست ناجێگیری ئاستییەوە دەناڵێنێت، هەرچەندە بەرامبەر بارسێلۆنا باش بوون، بەڵام یەکسانبوونەکەیان بەرامبەر قەرەباخ بێ هیواکەر بوو. پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن یارییەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی بێت. ئەم ئەنجامەش رەنگە هەردوو راهێنەر پێی رازیبن بۆ ئەوەی لە کێبڕکێی گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بمێننەوە.
ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی
ئەمە ئەو یارییەیە کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن. بۆ پێنجەم وەرزە لەسەریەک ئەم دوو یانەیە رووبەڕووی یەکدەبنەوە. مانچێستەر سیتی دەتوانێت بە بردنەوەیەک لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ پێش ریال مەدرید بکەوێت. تیپەکەی پێپ گواردیۆلا لەم وەرزەدا کێشەی بەرگری هەیە و لە دوایین یاریی چامپیۆنزلیگیش دۆڕاوە.
لە لایەکی دیکەوە ریال مەدرید بەسەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆ لە دۆخێکی باشدا نین و لە 5 یاریی رابردووی لالیگا تەنیا یەک بردنەوەیان هەیە. پێشبینییەکان دەڵێن یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی دێت، بەڵام هەردوو یانە چانسی بردنەوەی نازناوەکەیان کەمترە لەچاو ساڵانی رابردوو.
یوڤێنتوس بەرامبەر پافۆس
یانەی پافۆسی قوبرسی سوپرایزی ئەم وەرزە بووە و خاوەنی 6 خاڵە، هاوشێوەی یوڤێنتوس، بەڵام خانمە پیرەکە لەژێر سەرپەرشتی سپالێتی لە یاریگەی خۆیدا بەهێزە و چانسی 84%ـی هەیە بۆ گەیشتن بە قۆناخی پاشکۆ. سپالێتی توانیویەتی گیانی سەرکەوتن بۆ تیپەکە بگەڕێنێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت لەم یارییەدا سێ خاڵ بەدەستبهێنن بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان لە خولەکە بەهێزتر بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ