رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمیلان بە دۆخێکی باشدا تێدەپەڕێت و دەیەوێت سوود لە خراپیی یانەی لیڤەرپوول وەربگرێت بۆ ئەوەی درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و لە رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی چامپیۆنزلیگ وەربگرێت.
ئینتەر لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر لیڤەرپوول یاریی دەکات، یانەکە لە پێنج گەڕدا چوار بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە یانەکە بە جیاوازیی گۆڵ پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن لە پلەی چوارەمی ریزبەندە و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە، بەتایبەت کە رکابەرەکەی لە دۆخێکی خراپدایە و لە یاریگەی خۆیاندا یاری دەکەن.
تیپەکەی کریستیان کیڤۆ لە دوایین یاریی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕاوە، بەڵام دوای ئەوە سێ یاریی لەسەریەکی لە سێری ئادا بردووەتەوە و تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە و لەرووی دەروونییەوە تیپەکە لە دۆخێکی باشدایە.
نیرازۆری خاوەنی هێڵێکی بەرگریی بەهێزە، لە 5 گەڕی رابردوودا تەنیا سێ گۆڵی لێکراوە و دەیەوێت ئەمشەو بەبردنەوەیەکی دیکە زیاتر خۆی لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ نزیک بکاتەوە.
محەممەد سەڵاح، بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداریی لە مەشقەکانی یانەی لیڤەرپوولدا کرد، بەڵام بۆ یاریی لووتکەی چامپیۆنزلیگ، لەنێوان یانەکە و ئینتەرمیلان بانگهێشت نەکرا.
دوای قسەکانی لە بارەی دۆخی خراپی خۆی لەگەڵ یانەکە و دانیشاندنی لەسەر کورسیی یەدەگ بۆ سێ یاریی لەسەریەک، محەممەد سەڵاح لەنێو دڵخۆشییەکی زۆردا بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی یانەی لیڤەرپوولدا کرد بەر لەوەی بچنە میلانۆ بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئینتەرمیلان، بەڵام دوای راگەیاندنی لیستی یاریزانانی یانەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو ناوی ئەستێرە میسرییەکەی تێدا نەبوو و سەڵاح بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
لیڤەرپوول بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، لە دوایین دوو یاریی پرێمەرلیگدا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە و لە گەڕی رابردووی چامپیۆنزلیگیشدا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئایندهۆڤن دۆڕاوە، کێشەکانی محەممەد سەڵاحیشی هاتووەتە سەر و دۆخی یانەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە.
رێدز تاوەکو ئێستا لە چامپیۆنزلیگدا 3 بردنەوە و دوو دۆڕانی هەیە و لە پلەی سێزدەیەمی ریزبەندە، یانەکە چاوی لە ئەنجامێکی باشە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بکات بەشێوەی راستەوخۆ.
جگە لە محەممەد سەڵاح، کۆدی گاکپۆ و جێریمی فریمپۆنگ پێکانیان هەیە و بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، فێدریکۆ کیێزاش نەخۆشە و بەشداریی لە دوایین مەشقەکانی یانەکەدا نەکردووە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ