رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی ئارسیناڵ هەوڵدەدات ژمارەیەک یاریزان لە پێکهاتەکەی دووربخاتەوە، لەپێناو ئەنجامدانی گرێبەستی نوێ و خۆنوێکردنەوەی تیپەکەی.
ئارسیناڵ، هەڕەشە دەستبەتاڵ دەرچوونی لە وەرزی ئەمساڵدا لەسەرە، پاشئەوەی لە هەردوو جامی کاراباو کەپ و ئێف ئەی کەپ کرایە دەرەوە، لە پرێمەرلیگیشدا رووبەڕووی رکابەرییەکی تووندی لیڤەرپوول بووەتەوە و لە چامپیۆنزلیگیش ئەرکی زەحمەتە.
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ، هەوڵی بەهێزکردنی تیپەکەی دەدات و دەیەوێت لە چەندین هێڵدا گۆڕانکاریی بکات.
بەپێی سەرچاوەکان، ئارتێتا پلانی داناوە بۆ ئەوەی حەوت یاریزانی تیپەکە بڕۆن تاوەکو شوێن بۆ یاریزانی نوێ لە پێکهاتەکەدا بکاتەوە.
بەپێی سەرچاوەکان، هەریەکە لە رەحیم ستێرلینگ و نیتۆی گۆڵپارێز، لەگەڵ ئارسیناڵ بەردەوام نابن و دەگەڕێنەوە چێڵسی و بۆرنمۆس دوای کۆتاییهاتنی ماوەی خواستنەکانیان.
لە هەمان کاتدا، گرێبەستی هەریەکە لە تۆماس پارتی، جۆرجینیۆ، کیران تێرنی کە هاوینی داهاتوو تەواو دەبێت، نوێناکرێتەوە و یانەکە بەجێدەهێڵن.
جیا لەوەش، ئارتێتا بڕیاریداوە هەریەکە لە ئۆلیکساندەر زینچینکۆ و جاکۆب کیفیۆر بخاتە بازاڕی گواستنەوەوە، چونکە چیدیکە بەشێک نین لە پلانی ئەو راهێنەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ