گورزێکی گەورە بەر بارسێلۆنا کەوت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رافینیا ئاتلێتیكۆ مه‌درید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دڵەڕاوکێ لە بارسێلۆنا زۆر روو لە زیادبوونە و رافینیا بە قسەکانی هانزی فلیکی راهێنەر و هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە نائومێد دەکات.
 
بەر لە یارییە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی چوونی نیوەی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، ناڕوونی لەبارەی بارودۆخی رافینیا داسێلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی، دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای هانزی فلیک و هاندەرانی یانە کەتەلۆنییەکە دروست کردووە.
 
رافینیا کە بەهۆی پێکانەوە لە یارییەکانی بەرامبەر ئەلباسێتی لە جامی شا و ریال مایۆرکا لە خول ئامادە نەبوون، دوێنێ یەکشەممەش بە رێنمایی پزیشکەکان بەشداری لە مەشقەکاندا نەکرد، ئەمەش گومانی زۆری دروست کردووە کە ئایا دەتوانێت رۆژی پێنجشەممە بەشداری یاریی لووتکە بکات یان نا.
 
"باشترم بەڵام بە تەواوی نا"
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، شەوی دووشەممە پرسیاری لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە لێکردووە، رافینیا لە وەڵامدا گوتوویەتی "باشترم، بەڵام بە تەواوی نا. رۆژ بە رۆژ چاودێری دۆخەکەم دەکرێت".
 
ئەو ئەستێرە بەرازیلییە زیاتر گوتی "هەندێک بژاردە هەن بۆ ئەوەی بگەمە یارییەکەی پێنجشەممە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەدڵنیایی نازانم؛ ئەگەر هەست بکەم باشم یاری دەکەم، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بکەین".
 
ترسی هانزی فلیک
 
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، زۆر پێویستی بە تواناکانی رافینیایە بۆ تێپەڕاندنی ئەتلەتیکۆ مەدرید، بەڵام نایەوێت سەرکێشی بە یاریزانەکەیەوە بکات و تووشی پێکانێکی قورستری بکات.
 
سەرەڕای ئەوەی بارسێلۆنا لە یاریی رابردوودا بەبێ رافینیا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە مایۆرکای بردەوە، بەڵام فلیک نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ئامادەنەبوونی ئەو یاریزانە بەهۆی پێکانە دووبارەبووەکانی لەم وەرزەدا دەربڕیوە. ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر مەشقەکانی داهاتووی بارسێلۆنان بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا رافینیا دەتوانێت رێپێدان لە پزیشکەکانەوە وەربگرێت یان نا. کە بەدڵنیاییەوە یاری نەکردنی رافینیا گورزێکی گەورەیە بەر بارسا دەکەوێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە