فەرمی.. سزایەکی توندی رۆمان ئەبرامۆڤیچ و چێڵسی درا

10-03-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆمان ئەبرامۆڤیچ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێوەیەکی فەرمی دادگای بەریتانیا بڕیارییدا دەست بەسەر ماڵ و موڵکی رۆمان ئەبرامۆڤیچ، ملیاردێری رووسی و خانەوەنی یانەی چێڵسیدا بگرێت و رێگەنادات یانەکەی بفرۆشێت.
 
دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە راگەیاندنی ویستی فرۆشتنی یانەکەی، دادگای بەریتانیا رایگەیاند، رێگەنادات بەهیچ شێوەیەک رۆمان ئەبرامۆڤیچ یانەی چێڵسی بفرۆشێت و سەرمایەکانی لە بەریتانیا بباتە دەرەوە، لە ئەگەری فرۆشتنی یانەکەشی بەهیچ شێوەیەک رێگەی پێنادرێت سامانەکەی لە بەریتانیا بباتە دەرەوە.
 
بەپێی بڕیارەکەی دادگا کارەکانی فرۆشتنی یانەی چێڵسی، کڕین و فرۆشتنی یاریزانان و تەنانەت نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکانیشی راگیران، جگە لەوەش رێگە بە یانە ئینگلیزییەکە نادرێت هیچ یەکێک لە بەرهەمەکانی یانەکەی بفرۆشێت.
 
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، یانەی چێڵسی لە ئەمڕۆوە ناتوانێت هیچ بلیتێکی دیکەی یاری بفرۆشێت، تەنیا ئەوانەی پێشتر بلیتیان کڕیووە دەتوانن بچنە نێو یاریگە و بینەری یارییەکانی یانەکە بن.
 
دادگای بەریتانیا دەڵێت " رۆمان ئەبرامۆڤیچ دەستی هەبووە لە تێکدانی ئارامی و سەربەخۆیی ئۆکراینا و پەیوەندییەکی لە مێژینەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا هەیە."
 
بڕیاری دادگای بەریتانیا بۆ رێگریکردن لە فرۆشتنی یانەی چێڵسی لەکاتێکدایە، دوای هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، رۆمان ئەبرامۆڤیچی ملیاردێری رووسی، بڕیارییدا یانەکە بفرۆشێت و ئامادەیی خۆیشی پێشاندا، بۆ ئەوەی قازانجەکانی فرۆشتنی یانەکەی بداتە قوربانیانی ئۆکراینا، بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بڵێت " هیچ پەیوەندییەکی بە ڤلادیمێر پوتینەوە نییە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە