رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوایین گەڕی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە کیشوەری ئاسیا بەڕێوەدەچێت و هەڵبژاردەی عێراق دوایین یاریی خۆی لەم قۆناخەدا ئەنجامدەدات.
ئەمشەو کاژێر 21:15 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و لە رکابەرییەکانی گەڕی دەیەم، هەڵبژاردەی عێراق دەبێتە میوانی هەڵبژاردەی ئوردن، عێراق لە یاریی رابردوودا لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر کۆریای باشوور دۆڕا و هەلی سەرکەوتنی بۆ مۆندیال بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەدەستدا.
لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکە دەیەوێت ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی هاندەرانی دڵنیابکاتەوە لە پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا رکابەری لەسەر سەرکەوتن بۆ مۆندیال دەدات.
هەڵبژاردەی ئوردن لە یاریی رابردوودا سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا خۆی گەیاندە مۆندیال، هەڵبژاردەکە ئەمڕۆش دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی دڵخۆشیی هاندەرانی تەواو بکات و شوێنی خۆیشی لە ریزبەندی هەڵبژاردەکانی فیفادا باشتر بکات.
لە کۆمەڵەی دووەمدا کۆریای باشوور و ئوردن گەیشتوونەتە مۆندیال، عێراق چووەتە پلەی ئۆف و ئەمڕۆش یەکێک لە عومان و فەلەستین دەکەنە قۆناخی پاشکۆی پاڵاوتنەکان بۆ رکابەریکردن لەسەر دوو بلیتی دیکەی ئاسیا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ