ڤیدیۆ؛ عێراق دوای زیاتر لە 14 هەزار رۆژ دەیەوێت بگاتە مۆندیال و بەڵێنی گەورە بە یاریزانان دراوە

14-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
سعودیە و عێراق
سعودیە و عێراق
نیشانەکردن عێراق سعودیە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

بۆ ئەوەی کۆتایی بە 39 ساڵ چاوەڕوانی بهێنن، بۆ ئەوەی دەستکەوتێکی مێژوویی بەدەستبهێنن و جارێکی دیکە وڵاتەکەیان لە مۆندیالدا خۆی ببینێتەوە، دوایین مەشق و ئامادەکاری دەکەن.
 
مەشقەکانی ئەمجارە هەر راهێنانێکی ئاسایی نین، ئەمجارە تەواو جیاوازە و جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە، بۆ ئەوەی عێراق دوای 39 ساڵ بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا بگاتە مۆندیال.
 
لە دووەم یارییدا و لە رووبەڕووبوونەوەیەکی گەورە و یەکلاکەرەوەدا، لە پاشکۆی پاڵاوتنەکاندا، کاژێر 21:45 عێراق بەرامبەر سعودیە یاری دەکات، تەنیا بردنەوە رێگەی گەیشتنی عێراقە بۆ مۆندیالی 2026.
 
بۆ ئەم یارییە زەید تەحسین بەهۆی کارتی سوورەوە یاریی ناکات، مەناف یونس لە یاریی رابردوودا بەهۆی هەستکردن بە ئازارەوە گۆڕانکاریی پێکرا، بۆیە هەمووان چاوەڕێن ئەمشەو شەوی دەرکەوتنی ئاکام هاشم، بەرگریکارە هەولێرییەکەی یانەی زەورا بێت.
 
عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا 6 یاریی بەرامبەر سعودیە کردووە، هیچ بردنەوەیەکی نییە، 5 یاریی دۆڕاندووە و لە یارییەکدا یەکسانبوون، بەڵام بە کۆی گشتی لە 36 یاریی نێوانیاندا عێراق 17 بردنەوە، سعودیە 12 بردنەوە و 7 یاریش بەیەکسانبوون تەواو بوون.
 
هەڵبژاردەی سعودیە، لەنێو یاریگەیەکدا کە پڕ دەبێت لە هاندەرانی هەڵبژاردەکە، دەیەوێت بۆ جاری هەشتەم لە مێژوودا و سێیەمجاری لەسەریەک بگاتە مۆندیال.
 
سەوزپۆشەکان لەژێر سەرپەرشتی هێرڤی رێناری فەرەنسی، لەبەردەم یارییەکەدان کە چاوی زۆریان لەسەرە، بەتایبەت بەرامبەر رکابەرێک یاریی دەکەن، یارییەکەیان بە دێربیی کەنداو ناسراوە و لە دوای ساڵی 2007ـەوە بوونەتە رکابەری سەرەکیی یەکدی لە یاریگەدا.
 
لە ریزەکانی سعودیە محەممەد کنۆ بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوودا بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، بەڵام عەبدوڵڵا حەمدان گەڕاوەتەوە و ئامادەیە.
 
جەوهەرە لە جەدە یاریگەی رووبەڕووبوونەوە مێژووییەکەیە، ئەمشەو یان عێراق دوای 14 هەزار 561 رۆژ جارێکی دیکە دەگاتەوە مۆندیال، یانیش سعودیە لە خاکی خۆیدا ئاهەنگ دەگێڕێت و خۆی دەگەیێنێتەوە نێو ئەو هەڵبژاردانەی دەچنە ئەمریکا، کەندا و مەکسیک.
 
بەپێی هەواڵی میدیای عێراق، بەرپرسانی عێراق و فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە بەڵێنی گەورەیان بە یاریزانانی عێراق داوە و لە ئەگەری گەیشتنیان بە مۆندیالی 2026 ملیۆنان دینار، پارچە زەوی و ئۆتۆمبێل بە دیاری دەدرێتە یاریزانانی هەڵبژاردەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە