ڤیدیۆ؛ ریال مەدرید، دین هاوسنی ناساند

10-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
دین هاوسن
دین هاوسن
نیشانەکردن دین هاوسن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی دین هاوسن، یاریزانی نوێی یانەکەی بە میدیاکان ناساند و یاریزانەکە دەڵێت "پەیوەندیم بەباشترین یانەی جیهانەوە کردووە و هیوادارم زۆر نازناو ببەمەوە."
 
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دین هاوسن چووە کۆمەڵگەی پزیشکی یانەی ریال مەدرید و پشکنینە پزیشکییەکانی بە سەرکەوتوویی تێپەڕاند، دوای ئەوە رێوڕەسمی فەرمی واژۆکردنی گرێبەستەکەی ئەنجامدرا و یاریزانەکە و فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید واژۆیان لەسەر گرێبەستی نێوان هەردوولادا کرد و دین هاوسن، چووە بەردەم 15 جامی چامپیۆنزلیگ و درێسی ژمارە 24ـی بەرزکردەوە.
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز، لە رێوڕەسمی ناساندنی یاریزانەکەدا قسەی بۆ ئامادەبووان کرد و گوتی "خۆشەویستم، دین هاوسن، بەخێرهاتنت دەکەین بۆ ریال مەدرید، ئەمڕۆ رۆژێکی دیکەی نایابە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید."
 
سەرۆکی یانەی شاهانە دەڵێت "ئێمە لەبەردەم ئاڵنگارییەکی نوێداین، وەرزێکی نوێ، کە جامی جیهانی یانەکانە، ئێمە وەرزی نایابمان بینی و لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا 30 نازناوی جیاوازمان بردەوە، بەڵام هێشتا بەدوای بردنەوەی نازناوی زیاتردا دەگەڕێین."

 
پێرێز بە ئامادەبووانی گوت "چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر چابی ئەلۆنسۆمان وەکو راهێنەری نوێ بۆ ئاڵنگاریییە نوێیەکانی داهاتوو راگەیاند، ئێمە یاریزانی زۆرباشمان هەیە و دەمانەوێت بەردەوامبین لە بونیادنان، بەهرەمەندی زۆرباشمان هەیە و سەرکەوتووترینەکانی جیهانن. ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین بەوە بەخێرهاتنی بەهرەمەندێکی دیکەی نایاب دەکەین، کە دین هاوسنە، خۆزگەت دەخواست لێرە بیت و هەمیشە خەونی تۆ بوو. تۆ یەکێکیت لە باشترین بەرگریکارەکانی جیهان لە کاتێکدا لە تەمەنی 20 ساڵیدای."
 
دین هاوسن لە رێوڕەسمەکەدا بۆ یەکەمجار وەکو یاریزانی ریال مەدرید قسەیکرد و گوتی "دەمەوێت سوپاسی سەرۆک و یانەکە بکەم، وەکو ئەوەی گوتی، لە رۆژی یەکەمەوە دەمویست لێرە بم و پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکەم و نەچمە هیچ یانەیەکی دیکە، سوپاس بۆ ماڵباتەکەم بۆ پاڵپشتیان، بەتایبەت بۆ دایک و باوکم."


هاوسن دەڵێت "پەیوەندیم بە باشترین یانەی جیهانەوە کردووە و لێرەم بۆ ئەوەی هەموو توانایەکم بخەمەگەڕ، هیوادارم لێرە زۆر نازناو ببەمەوە و لە مۆندیالی یانەکانەوە دەستپێدەکەین."
 
دین لەبەردەم ئامادەبووان وەستا و بە متمانە بەخۆبوونێکی زۆرەوە گوتی "ریال مەدرید یانەی ژیانمە و هیوادارم ساڵانێکی زۆر لێرە بمێنمەوە، سوپاس بۆ هەمووان، هەلا مەدرید."
 
لەبارەی ئەوەی بۆچی ژمارە 24ـی هەڵبژاردووە؟ دین هاوسن گوتی "چونکە ژمارە 24 بەردەست بوو، ریال مەدرید باشترین یانەی جیهانە و نموونەی نییە."

 

پرسیار لە هاوسن کرا، قسەی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ کردووە؟ ئەو گوتی "بەڵێ، کەمێک قسەمانکردووە و باسی ئەوەی بۆ کردم کە چاوەڕوانی چیم لێدەکات، پێموایە چەند ساڵی داهاتوو زۆر باش دەبێت."
 
دین هاوسن لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا یانەی بۆرنمۆوسی ئینگلیزییەوە بەرامبەر 59.5 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد و یەکەم گرێبەستی گواستنەوەی هاوینەیە لە یانەی شاهانەدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە