رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆڕانە گەورەکەیان بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر و ماڵئاواییکردنی لە مۆندیالی یانەکان، یانەی ریال مەدرید پێداچوونەوە بە پلانەکانی دا دەکات و چەند هەنگاوێکی بەپەلە دەگرێتەبەر.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی مارکا، چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە و خۆسێ ئانخێل سانچێز، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی پێکهاتەی یانەکە بۆ وەرزی نوێ بدەن.
سەرچاوەکە دەڵێت "بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە دووپاتیدەکاتەوە کە پێویستە بڕیاری گرنگ و یەکلاکەرەوە بدرێت، بۆ یەکلاکردنەوەی داهاتووی یانەکە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا."
رۆژنامەی مارکا نووسیوویەتی "یەکێک لە گرنگترین و یەکلاکەرەوەترین پرسەکان، داهاتووی رۆدریگۆی بەرازیلییە لەگەڵ یانەکە، شرۆڤەی دۆخی یاریزانەکە بەتەواوی دەکرێت و لە کۆبوونەوەی نێوان چابی ئەلۆنسۆ و کارگێڕیی یانەکەدا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی داهاتووی یاریزانەکەوە دەدرێت."
یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی گفتوگۆ لەبارەی داهاتووکەی دەکرێت، گۆنزالۆ گارسیایە، دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە مۆندیالی یانەکاندا پێشکێشیکرد و 4 گۆڵی تۆمارکرد.
مارکا دەڵێت "یاریزانەکە بۆ وەرزی داهاتوو لەنێو لیستی تیپی یەکەمی ریال مەدریددا دەبێت و ئەلۆنسۆ بەپێی پێویست پشتی پێدەبەستێت."
ئەوەی تاوەکو ئێستا روون نییە، داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆرە و یەکلانەکراوەتەوە کە یاریزانەکە گرێبەستەکەی نوێدەکاتەوە یان نا.
گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئەلۆنسۆ وەکو پەیامێک لە راهێنەرەوە سەیر دەکرێت کە پێویستە یاریزانەکە لە رووی بەرگرییەوە زیاتر هاوکاریی تیپەکە بکات، ئاستی ئێستای یاریزانەکەش پرسیاری لەسەرە.
ئەمە لەکاتێکدایە گرێبەستی ئەستێرە بەرازیلییەکە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت.
بەپێی راپۆرتەکەی مارکا، لە چەند رۆژی داهاتوودا فرانکۆ ماستانتونۆ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە دەکات و وەکو یاریزانی نوێ دەناسێنرێت، گرێبەستی ئەلڤارۆ کارێراسیش بەتەواوی یەکلا دەبێتەوە و ئەو یاریزانەش دەبێتە گرێبەستێکی دیکەی ئەم هاوینەی یانەی شاهانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ