ڤیدیۆ؛ پاریس سانجێرمان بردنەوەیەکی مێژوویی بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکرد

10-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ریال مەدرید
ریال مەدرید
نیشانەکردن ریال مەدرید پاریس سانجێرمان مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بردنەوەیەکی مێژوویی بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تۆمارکرد و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان.
 
لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکاندا، هەردوو یانە لە نیوجێرسی لەسەر یاریگەی مێتلایف رووبەڕووی یەکبوونەوە، پاریس سانجێرمان بە ئاستێکی زۆر بەرزەوە دەرکەوت و بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی ریال مەدرید بەدەستهێنا.
 
دوای تەنیا 6 خولەک، راول ئاسێنسیۆ هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد و فابیان رۆیز گۆڵی پێشکەوتنی بۆ پاریس سانجێرمان تۆمارکرد.
 
دوای دوو خولەک عوسمان دێمبێلی سوودی لە هەڵەیەکی دیکەی بەرگریی ریال مەدرید کرد، ئەمجارە رۆدیگێر کەوتە هەڵەوە و ئەستێرە فەرەنسییەکە بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی یانەی ریال مەدریدی هەژاند.
 
لە خولەکی 24 فابیان رۆیز بۆ جاری سێیەم تۆڕی تیبۆ کۆرتوای هەژاند و گۆڵی دووەمی خۆی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی فەرەنسییەکان کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 87 گۆنچالۆ رامۆس گۆڵی چوارەمی بۆ پاریس سانجێرمان تۆمارکرد و لەسەر شێوازی دیۆگۆ جۆتا ئاهەنگی گێرا.
 
پاریس سانجێرمان بردنەوەیەکی مێژوویی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر تۆمارکرد، ریال مەدریدی لە جامی جیهانی یانەکان کردە دەرەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکاندا، رۆژی یەکشەممە کاژێر 22:00 یانەی پاریس سانجێرمان رووبەڕووی یانەی چێڵسی دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە