رووداو دیجیتاڵ
دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان بەڕێوەدەچێت، کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی پێشووی یاری دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
یانەی ریال مەدرید رۆژی سێشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە گرنگە لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکاندا بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان ئەنجامدا.
ریال مەدرید لە شوێنی مانەوەی لە فلۆریدا لە پاڵم بیچ مەشق و راهێنانەکانی لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆ ئەنجامدا.
سەرجەم یاریزانەکانی یانەی شاهانە بۆ یارییەکە ئامادەن، جگە لە دین هاوسن کە بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوودا بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو کیلیان ئێمباپێ بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات و سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی یانەی شاهانە بکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی پێشووی، سەرەڕای ئەوەی میدیای ئیسپانیا دەڵێت "لە سەرەتای مۆندیالی یانەکانەوە یاریزانەکە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەی لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا تووشی بوو 6 کیلۆ لە کێشی کەمیکردووە."
یارییەکە ئەمشەو لە یاریگەی مێتلایف لە نیو جێرسی بەڕێوەدەچێت و براوەیان بەرامبەر یانەی چێڵسی ئینگلیزی یاری دەکات.
ریال مەدرید بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، لە کاتی چوونی بۆ نیوجێرسی تووشی کێشەیەکی گەورە بوو و بەهۆی زریان و بارانبارینی بەهێزەوە فڕۆکەی یانەکە درەنگتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی نیشتەوە و ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر تیپەکە دروستکرد.
لۆس بلانکۆس تاوەکو ئێستا لە مۆندیالی یانەکاندا پێنج یاریی کردووە، چوار بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و ئەمشەو دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
یانەی پاریس سانجێرمان دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی لووتکەی بەرامبەر ریال مەدرید ئەنجامدا و تیپەکەی لویس ئێنریکێ بۆ یارییەکە ئامادەیە.
لە یارییەکەی ئەمشەودا هەریەکە لە پاچو و لوکاس هێرناندێز بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوورەوە لە یاریی رابردوو بەشداری ناکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پاریس سانجێرمان بەباشی خۆی ئامادەکردووە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، هەریەکە لە مارکینیۆس و بیراڵدۆ لە دڵی بەرگری یاری دەکەن و عوسمان دێمبێلیش دەگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی سەرەکی دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر بایرن میونشن، بەشێوەی یەدەگ بەشدارییکرد و گۆڵی یەکلاکردنەوەی یارییەکەی تۆمارکرد.
بەر لە یارییەکە پرسیار لە ئێنریکێ کرا، هێشتا پێتوایە پاریس سانجێرمان لە رووی هێرشبەرییەوە بەبێ ئێمباپێ بەهێزترە؟ ئەو گوتی "ئەوە بووە رابردوو و لە قسەکەم پەشیمان نیم."
پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید 12 یارییان کردووە، ریال مەدرید 5 یاریی بردووەتەوە، پاریس سانجێرمان 4 یاری و 3 یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
یانە فەرەنسییەکە لە پێنج یاریی مۆندیالی یانەکاندا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە و یەک گۆڵی لێکراوە، تیپەکە خاوەنی هێڵێکی هێرشبەریی بەهێزە و لەو پێنج یارییەدا 12 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەمشەو دەیەوێت بەرامبەر ریال مەدرید هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوەکە نزیکببێتەوە.
یارییەکە تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبێت، لەکاتێکدا خاوەنی زۆرترین نازناوی چامپیۆنزلیگ کە ریال مەدریدە، بەرامبەر دوایین پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ یاری دەکات، جگە لەوەش کیلیان ئێمباپێ رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەتەواوی دیار نییە یاریزانەکە بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات یان نا.
ئێمباپێ لە 2018 تاوەکو 2024 یاریزانی پاریس سانجێرمان بوو، 308 یاریی بەدرێسی یانەکەوە ئەنجامداوە، 256 گۆڵی تۆمارکردووە و 110 ئاسیستی بۆ هاوڕێکانی کردووە.
پێشتر ئێمباپێ بەدرێسی پاریس سانجێرمانەوە پێنج یاریی بەرامبەر ریال مەدرید کردووە، 3 گۆڵی لە یانەکە کردووە، ئەمجارە بەدرێسی ریال مەدریدەوە رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە و دەیەوێت بگەنە یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان.
بەپێی پێکهاتەیەکی پێشبینیکراو کە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، کیلیان ئێمباپێ ئەمشەو بەشێوەی سەرەکی یاری دەکات و گۆنزالۆ گارسیا، یاریزانی لاو و خاوەنی چوار گۆڵ لە مۆندیالی یانەکاندا یەدەگ دەبێت.
یارییەکە ئەمشەو کاژێر 22:00 دەکرێت و قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکانیش کۆتایی دێت.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ