رووداو دیجیتاڵ
لە شاری قۆنیا لە تورکیا، رێوڕەسمی کردنەوەی پێنجەمین خولی یارییەکانی یەکدەنگیی ئیسلامیی، بە ئامادەبوونی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا بەڕێوەچوو.
لەم خولەدا کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 355 میدالیا دەکرێت لە یارییە وەرزشییە جیاوازەکاندا، لەوانەش تۆپی پێ، زۆرانبازی، پایسکیلسواری، شمشێربازی و بەرزکردنەوەی قورسایی.
لەم خولەدا تەنیا وڵاتانی سەر بە جیهانی ئیسلامی بەشداری دەکەن، بەڵام رێگە بە وەرزشوانانی نا موسڵمانانی ئەو وڵاتانە دەدرێت بەشداری لە پێشبڕکێکاندا بکەن.
پێنجەمین خولی یارییەکانی یەکدەنگیی ئیسلامی 2021 کە لە لایەن شاری قۆنیای تورکیاوە میوانداری دەکرێت، دوێنێ سێشەممە 9ـی ئاب دەستیپێکرد و تاوەکو 18ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، کە بڕیاربوو ساڵی رابردوو ئەم پاڵەوانێتییە بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بۆ ئەمساڵ دواخرا.
ئەم پاڵەوانێتییە لەلایەن یەکێتیی وەرزشیی یارییەکانی یەکدەنگیی ئیسلامییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە کاتێکدا لەلایەن لیژنەی ئۆڵیمپی نیشتمانیی تورکیاوە رێکدەخرێت.
لە پێشبڕکیکانی ئەمساڵدا 6 هەزار وەرزشوان بەشداری دەکەن، کە نوێنەرایەتی 54 وڵاتی ئیسلامی دەکەن، کە گەورەترین بەشدارییە لە مێژووی ئەم پاڵەوانێتییەدا.
یارییەکانی یەکدەنگیی ئیسلامی 27 یاری لەخۆدەگرێت کە گرنگترینیان بریتین لە: تۆپی پێ، باسکە، تۆپی دەست، تۆپی بالە، جگە لە یارییە جۆراوجۆرەکانی تاکەکەسی.
شاری قۆنیا لە تورکیا دەستنیشانکراوە بۆ میوانداریکردنی ئەم پاڵەوانێتییە، بەهۆی دەوڵەمەندییەکەی بە بەها فەرهەنگی و شارستانییەکانەوە.
خولی پێشووی یارییەکانی یەکدەنگیی ئیسلامی، لە ساڵی 2017 لە ئازەربایجان بەڕێوەچوو. لە کاتێکدا یەکەم خولی ئەم یارییانە لە ساڵی 2005 دەستیپێکرد، کە لە لایەن شانشینی سعودیەوە میوانداری کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ