رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، بە گاڵتەوە دەڵێت "گاریس بەیڵ ئیستا دەتوانێت ببێتە یاریزانێکی زۆر باشی گۆڵف. دەشڵێت "پاڵەوانێتی دیکەی گرنگتر لە جامی کاراباو هەن، بەڵام ئەو نازناوەشمان دەوێت".
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی مانچێستەر سیتی دەبێتە میوانی ساوسامپتۆن.
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە پرێسکۆنفرانسی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا باسی پاڵەوانێتییەکەی کرد.
پێپ گوتی "لە کاراباوکەپدا چەندین یاری باشمان ئەنجامداوە، پێشتریش نازناوەکەمان بەدەستهێناوە، بۆ ئەوە بەشداری تێدا دەکەین کە نازناوەکە ببەینەوە، زۆرجار گوتوومە پاڵەوانێتی دیکەی گرنگتر لە جامی کاراباو هەیە، بەڵام ئێمە بەشداری تێدا دەکەین و مافی هەڵبژاردنمان نییە".
ئەو زیاتر لەبارەی یارییەکەیەوە گوتی "یارییەکەمان لە ساوسامپتۆن بەڕێوەدەچێت، دەبێت هەوڵبدەین بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێش کۆتایی، کاتێک گەیشتینە ئەوێ زۆر نزیک دەبینەوە لە گەیشتن بە ئامانجەکە، هەر جارێک دەگەینە قۆناخی پێشکۆتایی خواستێک هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە. ئەوە دەزانین کە بەرامبەرەکەشمان ئاواتەخوازە بگاتە یاریی کۆتایی، بۆیە یارییەکە بەهێز دەبێت و ئەوەی پێویستە بیکەین دەبێت بیکەین بۆ بەردەوامبوون لە باڵادەستیمان".
راهێنەرە ئیسپانییەکەی یانە ئینگلیزییەکە، دووپاتیکردەوە "ئێمە دەمانەوێت نازناوەکە بەدەستبهێنین، بەڵام ئەوە ژیانم ناگۆڕێت ئەگەر هەمان ژمارەی پێوانەیی نازناوەکانی سێر ئەلێکس فێرگسۆنم هەبێت".
سەبارەت بە گاریس بەیڵ، پرسیارێکی لێکرا، کە وازهێنانی خۆی لە تۆپی پێ راگەیاندووە؟ گواردیۆلا بەپێکەنینەوە گوتی "ئای کە یاریزانێکی چەند باش بوو، ئەو ئێستا دەتوانێت ببێتە یاریزانێکی زۆر باشی گۆڵف".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ