ماتێرازی بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکات چی بە زیدان گوتووە؟

11-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن زینەدین زیدان، مارکۆ ماتێرازی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مارکۆ ماتێرازی، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی ئیتاڵیا، دوای نزیکەی 17 ساڵ لە رووداوەکانی یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2006، وردەکارییەکانی ئەو قسانەی ئاشکراکرد کە بە زینەدین زیدانی گوتبوو.
 
لە یاریی کۆتایی جامی جیهانی 2006 کە رکابەرییەکانی لە ئەڵمانیا ئەنجامدران، رووداوێکی چاوەڕواننەکراو لەنێوان زینەدین زیدان، ئەستێرەی پێشووی فەرەنسا و مارکۆ ماتێرازیی ئیتاڵی روویدا، زیدان بە کەلەیەک ماتێرازیی خستە سەر چیمەنی یاریگە و کارتی سووری وەرگرت، دوای ئەوە فەرەنسا دۆڕا و نازناوەکەی لەدەستدا.
 
ئەو رووداوە کاردانەوەی زۆر گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا و بەیەکێک لە گەورەترین رووداوە خراپەکانی نێو تۆپی پێ ناوبانگی دەرکرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ کەس نەیدەزانی بۆچی زیدان ئەو کاردانەوە خراپەی بەرامبەر ماتێرازی هەبووە، بەڵام بۆ یەکەمجار ماتێرازی خۆی قسەکانی ئاشکرا دەکات.
 
یاریزانی پێشووی ئیتاڵیا بۆ کەناڵی Football TVـی ئیتاڵی قسەیکردووە و لە بارەی ئەو قسەکانی بە زیدانی گوتبوو دەڵێت "گوێتان لە قسەی ناشرینی نێو یارییەکانی باسکەی ئێن بی ئەی بووە؟ من ئەو قسانەی بە زیدان گوت."
 
ماتێرازی زیاتر روونکردنەوەی لەسەر قسەکانیدا و گوتی "زیدان درێسەکەی پێشکێشکردم، بەڵام من پێمگوت نا، لە جێگەی ئەوە خوشکەکەتم بدەرێ."
 
پێشتر زینەدین زیدان، بە رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسیی راگەیاندبوو، کە ماتێرازی لە یارییەکەدا قسەی بە ئافیلای خوشکی گوتووە، ئەویش خۆی بۆ نەگیراوە و بەو شێوەیە وەڵامی قسەکانی ماتێرازیی داوەتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە