رووداو دیجیتاڵ
رافینیای ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا دڵخۆشیی خۆی بەیاریکردن لە ریزی یانەکەی دەربڕی و دووپاتیکردەوە دەیەوێت زۆرترین ماوە لەو یانەیە بمێنێتەوە.
رافینیا کە هەفتەی رابردوو لەگەڵ بارسێلۆنا ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد، لەسەردەستی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، لە چاوپێکەوتنێکدا بەر لە کلاسیکۆ دەڵێ، "بیرکردنەوە لەوەی بگەیتە لووتکەی تۆپی پێ بەبێئەوەی لە بارسێلۆنابیت، نالۆژیکییە".
هەروەها دەڵێ، "ئێستا زۆر چێژ لەم ئەزموونەی ژیانم وەردەگرم، تەنانەت بەخەونیش نەدەهاتە بەرچاوم بگەمە ئەم ئاستە و ناتوانم بیر لە بارسێلۆنا بکەمەوە بەبێئەوەی خۆمی لێ بم".
لەبارەی هەنگاوی داهاتوویەوە، ئەوە ئەستێرە بەرازیلییە دەڵێ، "هەنگاوی داهاتوو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەمە".
گرێبەستی رافینیا لەگەڵ بارسێلۆنا تاوەکو مانگی حەوتی ساڵی 2027ە، چەند دانیشتنێکی نێوان هەردوولاش بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە ئەنجامدراوە.
لەبارەی یاریی کلاسیکۆوە، ئەو یاریزانە دەڵێ، "تاوەکو ساتی چوونە ناو یاریگە، دۆخێکی پڕ لە سترێس باڵ بەسەر کلاسیکۆودا دەکێشێت، ئەوەش ئاساییە و لە هەموو یارییەکدا روودەدات، بەڵام ئەوەی لە کلاسیکۆ هەیە زۆر زیاترە"،
رافینیا دەڵێ، "هەردوو تیپ لەپێناو بەدەستهێنانی نازناوی لالیگادا دەجەنگن، تیپێک نییە باشتر و یەکێک خراپتر، پێموایە ئێمە زۆر ئامادەین و ئەنجامێکی گەورە بەدەست دەهێنین".
رافینیا شانازیی بەتێپەڕاندنی ژمارەکانی نەیمارەوە دەکات بەدرێسی بارسێلۆناوە لەسەر ئاستی ئەورووپا، ئەو دەڵێ، "دڵخۆشم بەبەدەستهێنانی ژمارەکانی نەیمار لەسەر ئاستی ئەورووپا، هیوادارم لە گۆڵکردن بەردەوام بم و ئەوە بەدەست بهێنمەوە کە ئەو بەدرێسی بارسێلۆناوە بەدەستی هێناوە".
زیاتر دەڵێ، "زۆر قسە لەگەڵ نەیمار دەکەم، سوودی زۆر لە ئامۆژگارییەکانی وەردەگرم".
رافینیا لە وەرزی ئەمساڵدا ئاستێکی ناوازە لەگەڵ بارسێلۆنا پێشکێشدەکات و لە لالیگادا خاوەنی 16 گۆڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ