پێش کلاسیکۆ.. یەدەگەکانی بارسێلۆنا زۆر لە یەدەگەکانی ریال مەدرید باشترن

11-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کلاسیکۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ئێوارە یاریی کلاسیکۆی ئیسپانیا، لەنێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید بەڕێوەدەچێت، یارییەکە لە یاریگەی مونجۆیکی تایبەت بە بارسا دەکرێت و یارییەکە بۆ خاوەن یاریگە یەکلاکەرەوەیە، بەتایبەت ئەگەر یارییەکە بباتەوە.
 
بارسێلۆنا بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ چوار لە ریال مەدریدەوە دوورە و پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیایە، یانەکە دوای کرانە دەرەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەیەوێت بەبردنەوەی ئەم یارییە هەنگاوێکی زیاتر لە بردنەوەی لالیگا نزیکببێتەوە.
 
یانەی ریال مەدرید 15 رۆژ لەمەوبەر لە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا، بەرامبەر بارسێلۆنا دۆڕا و نازناوەکەی لەدەستدا، ئەمڕۆ جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکە لە بەرژەوەندی یانەی شاهانەدا نییە.
 
لە لالیگادا، بارسێلۆنا لە هەموو روویەکەوە لە ریال مەدرید باشترە، پێشەنگ لای بارسایە، لیڤاندۆڤسکی گۆڵکاری خولەکەیە بە 25 گۆڵ و یەدەگەکانیشی کاریگەرییان زیاترە.
 
ئامارەکانی یەدەگی هەردوولا، بەر لە کلاسیکۆی ئەمڕۆ
 
یاریزانە یەدەگەکانی بارسێلۆنا 5 هێندەی یاریزانە یەدەگەکانی ریال مەدرید گۆڵیان کردووە، دەکرێت یاریزانە یەدەگەکان رۆڵی یەکلاکەرەوە ببینن.
 
لە سەرەتای وەرزەوە یاریزانە یەدەگەکانی بارسێلۆنا لە لالیگادا 19 گۆڵیان تۆماکردووە، لە بەرامبەردا یاریزانانی ریال مەدرید تەنیا 4 گۆڵیان کردووە.
 
فێران تۆرێس، نموونەی باڵایە لەم بابەتەدا، یاریزانەکە بەشێوەیەکی گشتی 19 گۆڵی لە هەموو خول و پاڵەوانێتییەکاندا تۆمارکردووە، 10 گۆڵی وەکو یاریزانی یەدەگ تۆمارکردووە، 6 لەو گۆڵانەی لە لالیگادا بووە، کەواتە زیاتر لە نیوەی گۆڵەکانی لەو کاتانە بووە کە بەشێوەی یەدەگ هاتووەتە ناوەوە.
 
لە بەرامبەر لە مانگی یەکەوە لە دوای لوکا مۆدریچەوە، هیچ یاریزانێکی ریال مەدرید کە بەیەدەگ هاتبێتە ناوەوە گۆڵی نەکردووە، پێش ئەویش ئێندریک، براهیم دیاز و ڤینیسیۆس لە مانگی 9 ئەو کارەیان کردبوو.
 
بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی هەردوو تیپ، یاریزانانی بارسێلۆنا لە کۆی 163 گۆڵی یانەکە، 25 گۆڵی لەلایەن یەدەگەکانەوە تۆمارکراوە کە دەکاتە 15.3٪، یاریزانانی ریال مەدرید لە کۆی 125 گۆڵ، 12 گۆڵی لەلایەن یاریزانی یەدەگەوە تۆمارکردووە کە دەکاتە 9.3٪.
 
 کلاسیکۆی وەرزی رابردوو لە مونجۆیک 50 هەزار هاندەر ئامادەبوون و داهاتی یارییەکە 7.6 ملیۆن یۆرۆ بووە و ئەمڕۆ چاوەڕواندەکرێت ئەم دوو ریکۆردە بشکێنرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە