پێش دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان ترس و دڵەڕاوکێ گەیشتە ریال مەدرید

11-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە چەند کاژێری رابردوودا نیگەرانییەکی زۆر لە یانەی ریال مەدرید سەریهەڵداوە سەبارەت بە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی، لەکاتێکدا چەند رۆژێک ماوە بۆ دەستپێکردنی مۆندیالی یانەکان لە ئەمریکا.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، سەرەڕای ئەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید گۆڵی بردنەوەی بەرازیلی لە بەرامبەر پاراگوای تۆمارکرد، بەڵام یاریزانەکە بە پێکان یاریگای بەجێهێشت.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ڤینیسیۆس لەنیوەی دووەمی یارییەکەدا هەستی بە ئازاری ماسوولکەکانی قاچی چەپی کرد، ئەوەش تەنیا هەفتەیەک پێش بەشداریکردنی ریال مەدرید لە مۆندیالی یانەکان کە چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری نوێ سەرپەرشتی ئەو یانەیە دەکات.
 
ڤینیسیۆس وەرزێکی خراپی لەگەڵ ریال مەدرید بەڕێکرد، لەو ماوەیەدا مێرێنگێ لە لالیگا، چامپیۆنزلیگ، جامی سوپەری ئیسپانیا و جامی شای دۆڕاند.
 
هەروەها ئاستی تاکەکەسی ڤینیسیۆس دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی بەهۆی درەوشاوەیی کیلیان ئێمباپێی هاوڕێ نوێیەکەیەوە، ئەمەش وایکردووە لە هەندێک یارییدا لەلایەن هاندەرانی ریال مەدریدەوە قسەی ناشرینی پێبگووترێت.
 
ئەگەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر نەتوانێت بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا بکات گورزێکی کوشندە بەر ریال مەدرید دەکەوێت، لەکاتێکدا ئەو یانەیە زۆر پێویستی بەبردنەوەی ئەو نازناوە هەیە بۆ ئەوەی وەرزی خۆی رزگار بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە