رووداو دیجیتاڵ
ئێنریکی سیرێزۆ، سه‌رۆکی یانه‌ی ئاتلێتیکۆ مه‌دریدی ئیسپانی، وه‌ڵامی ئه‌و راپۆرتانه‌ی دایه‌وه که رایانگەیاندووە یانه‌که‌یان ئەگەری هەیە گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه‌ی ئه‌رجه‌نتینی لیۆنێل مێسی بکات.
گرێبه‌سته‌که‌ی کاپتنی هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین له‌گه‌ڵ یانەی ئینته‌رمەیامی ئه‌مریکی له کۆتایی ئه‌مساڵدا کۆتایی دێت، له‌ناو قسه‌و باسه‌کاندا سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ ئه‌ورووپا له مانگی یه‌کدا وه‌ک ئاماده‌کارییه‌ک بۆ جامی جیهانی 2026، باس لەوە دەکرێت کە ئەەگری هەیە مێسی لەلایەن ئاتلێتیکۆ مه‌دریدەوە له گواستنه‌وه‌ی زستانه یان وه‌رزی داهاتوو بگوازرێتەوە.
ئێنریکی سیرێزۆ، سەرۆکی یانەکەی مەدرید گاڵته‌ی به‌م هه‌واڵانه کرد و کاتێک لێیان پرسی مێسی دەگوازنەوە؟ گوتی "پێموایه مێسی له ئه‌مریکایه و له‌گه‌ڵ ئینته‌رمەیامی یاری ده‌کات، پێموایه ته‌نیا بیر له‌وێ و لە یانەکەی ده‌کاته‌وه".
ئەو هەروەها به‌پێکه‌نینه‌وه گوتی "نازانم چۆن بیرتان له‌م بابه‌ته کرده‌وه".
سه‌رۆکی یانه‌ی ئاتلێتیکۆ مه‌درید جه‌ختی کرده‌وه که یانه‌که‌یان پێکهاته‌کەی ته‌واوه و پێویستی به زیادکردنی نوێ نییه.
هەروەها روونیشی کرده‌وه "تیپێکی نایابمان هه‌یه، ته‌واو کامڵه و ده‌رگای گرێبه‌سته‌کانمان به‌یه‌کجاری داخستووه. ئەوەی ئێستا ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌یه که ئه‌م تیپه پێکه‌وه بمێنێته‌وه و ده‌ست به‌کاربکات".
سه‌رۆکی ئاتلێتیکۆ مەدرید جه‌ختی لەسەر ئەوە کرده‌وه که گواستنه‌وه‌ی لیۆنێل مێسی به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له ئارادا نییه و ئەو هەواڵانە دوورن لە راستی.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ