جێرارد بووە راهێنەری ئاستۆن ڤێلا

11-11-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ستیڤن جێرارد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ستیڤن جێرارد، دوای شەش ساڵ گەڕایەوە پرێمەرلیگ و پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ئاستۆن ڤێلای وەرگرت.
 
یانەی ئاستۆن ڤێلا لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی، گرێبەستی ستیڤن جێراردی وەک راهێنەری نوێی یانەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی گلاسکۆ رێنجەرزی سکۆتلاندی گەیشتە رێککەوتن.
 
ئاستۆن ڤێلا بەناوی کریستیان پورسلۆی سەرۆکی یانەکە نووسیوویەتی " لەوەتەی چووەتە نێو دونیای مەشقدانەوە، جێرارد دەستیکردووە بە بەرەودان بە پێشخستنی یاریزانە لاوەکان لە لیڤەرپوول، ئەمە ئەزموونێکە رێزی دەگرین لە ئاستۆن ڤێلا."
 
سەرۆکی یانە ئینگلیزییەکە زیاتر دەڵێت " زۆر بە پەرۆشین، چونکە دەزانین جێرارد دەتوانێت لە داهاتوودا سەرکردایەتی تیپەکە بکات و پلان و ئامانجەکانمان بهێنێتەدی."
 
ئاستۆن ڤێلا، لەکاتێکدا جێرارد دەکاتە راهێنەری یانەکەی کە چەند رۆژێک لەمەوبەر دین سمیسی بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە و دوای 5 دۆڕانی لەسەریەک، لە کارەکەی دوورخستەوە.
 
جگە لە جێرارد ناوی هەریەکە لە رۆبێرتۆ مارتینێز و پاوڵۆ فۆنسیکاش لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە دەهێندرا، بەڵام کارگێڕیی یانە ئینگلیزییەکە جێراردی بەلاوە باشترین بژاردەبوو بۆ ئەوەی یانەکە بەڕێوەببات، دوای ئەوەی وەک راهێنەری یانەی گلاسکۆ رێنجەرز ئەنجامی باشی بەدەستهێناوە و توانیی کۆتایی بە باڵادەستی یانەی سێلتیک بهێنێت و خولی سکۆتلاند بۆ یانەکە بباتەوە.
 
جێرارد پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ کریستیان پارسلۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاستۆن ڤێلا هەیە، لەکاتێکدا کە جێرارد یاریزانی لیڤەرپوول بوو ئەو بەڕێوەبەری یانەکە بوو، ئەمەش ئاسانکارییکرد لە گەیشتنە رێککەوتن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە