بۆچی لامین لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوورخرایەوە؟

11-11-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لامین یامال هەڵبژاردەی ئیسپانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاریدا، لامین یامال لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ هەفتەی فیفا دووربخاتەوە و لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا هۆکاری دوورخستنەوەی یاریزانەکە ئاشکراکرد و  رایگەیاند "بەداخەوە لامین یامال بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئێمە نەشتەرگەرییەکی بە بەکار‌هێنانی شەپۆلی رادیۆیی ئەنجامداوە و یاریزانەکە بەو هۆیەوە پێویستی بە 7 تاوەکو 10 رۆژ پشوو هەیە، بۆیە لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دوورخرایەوە.
 
میدیاکانی ئیسپانیا هەواڵێکی چاوەڕواننەکراویان لەبارەی دوورخستنەوەی لامین یامالی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا لە کەمپی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ ئەم هەفتەیەی فیفا بڵاوکردەوە و ئاشکرایانکرد کە لامین بەهۆی پێکانەوە دوورخراوەتەوە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەفەرمی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند کە بۆ سەلامەتی یاریزانەکە ئەو بڕیارە دراوە و لە بڵاوکراویەکی فەرمیدا هۆکارەکەی ئاشکراکرد و گلەیی و ناڕەزایی لە یاریزانەکە و یانەکەی کردووە.
 

 
بڵاوکراوەی فەرمی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا:
 
تیمی پزیشکیی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا سەرسوڕمان و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی دوای ئەوەی لە کاژێر 13:47ـی رۆژی دووشەممە 10ـی تشرینی دووەم، کە رۆژی دەستپێکی کەمپی فەرمی هەڵبژاردەکەمان بوو، زانییان کە یاریزان لامین یامال بەیانی ئەو رۆژە نەشتەرگەرییەکی بە بەکار‌هێنانی شەپۆلی رادیۆیی بۆ کراوە بۆ چارەسەرکردنی ئازاری ناوچەی گلێنچکە.
 
ئەم کارە ئەنجامدراوە بەبێ هیچ پەیوەندییەکی پێشوەختە لەگەڵ ستافی پزیشکی هەڵبژاردەکە، کە تەنیا لە رێگەی راپۆرتێکەوە لە کاژێر 22:40 خولەکی شەوی رابردوودا ئاگاداری وردەکارییەکانی بوون، کە تێیدا ئامۆژگاری پزیشکی هەیە کە دەبێت یاریزانەکە بۆ ماوەی 7 بۆ 10 رۆژدا پشوو وەربگرێت.
 
لەم سۆنگەیەوە و لە پەرۆشی هەمیشەیی بۆ تەندروستی، سەلامەتی و باشبوونی یاریزانەکە، یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بڕیاریدا یاریزانەکە دووربخاتەوە.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەم هەفتەیەی فیفادا دوو یاریی دیکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بەرامبەر جۆرجیا ئینجا تورکیا ئەنجام دەدات، کە لە چوار یارییدا تاوەکو ئێستا 12 خاڵی کۆکردووەتەوە و پێشەنگی کۆمەڵەی پێنجەمی گرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە