رووداو دیجیتاڵ
دوای ئاستە ناوازەکەی لە یاریی ئیسپانیا و فەرەنسا، ناوی لامین وەک بەربژێری یەکەمی باڵۆندۆر لە قەڵەم دەدەن.
دوای وەرزێکی بەهێز و پڕ لە رکابەری و مشتومڕی وەرزشی، کۆتاییەکی مشتومڕهەڵگر چاوەڕێمان دەکات و دووبارە بابەتی باڵۆندۆر بووەتە سەردێڕی هەموو میدیاکانی جیهان.
لامین یامال، ئەو یاریزانە بەهرەدارەی کە بە میراتگری لیۆنێل مێسی دادەنرێت لە جیهانی تۆپی پێدا، سەرەڕای نەبردنەوەی چامپیۆنزلیگ، سەردێڕێکی گەرم بووە بۆ میدیاکان و بەشێکیان پێیانوایە، سەرەڕای رکابەرییەکی سەخت لەگەڵ عوسمان دێمبێلێ، ئەو ئەستێرە ئیسپانییە شایستەی بردنەوەی باڵۆندۆرە.
سەردێڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بەو شێوەیە بوو "مشتومڕ نەما، جیهانی تۆپی پێ کۆکن، یەک براوەی باڵۆندۆر هەیە و ئەویش لامین یامالە".
ئەمە لەکاتێکدایە، پێپ گواردیۆلا لە ستایشکردنی ئاستی لامین یامال، گوتی "شێوازی یاریکردنی لامین سەرسووڕهێنەرە، ئێمە بەبەختین بە بوونی ئەو لە بارسێلۆنا".
لەلایەکی دیکەوە، رافایل لوزان، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا رایگەیاند "لامین یامال شایستەی باڵۆندۆرە چونکە ئەو جیاوازترینە، هیوادارین بەدەستیبهێنێت".
ستایشکردنی لامین، تەنیا لە ئیسپانیا نەوەستاوە و چەند ئەفسانەیەکی گەورەی ئەورووپاش پێیانوایە، شایستەی باڵۆندۆرە، باستیان شڤانشتایگەر، ئەفسانەی یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەڵێت "لامین دەبێت لەپێش دێمبێلێ بێت لە کێبڕکێی باڵۆندۆر".
ریۆ فێردیناند، ئەفسانەی مانچێستەر یونایتد و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بەوەوە نەوەستاوە و بەراوردی مێسی و رۆناڵدۆی کردووە و گوتویەتی "ئەوەی لامین یامال ئێستا دەیکات، مێسی و رۆناڵدۆش لە تەمەنی ئەودا نەیانکردبوو".
لامین یامال لە وەرزی 2024/2025 لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا، خولی ئیسپانی و جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا و هۆکارێکی سەرەکی بردنەوەی نازناوەکان بوو، ئەو یاریزانە لە کۆی 55 یاریدا لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە، 18 گۆڵی تۆمارکرد و 21 ئەسیستی کرد، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش گەیشتووەتە یاریی کۆتایی نەیشینسلیگ و لە یاریی پێش کۆتاییدا دوو گۆڵی بەرامبەر هەڵبژاردەی فەرەنسا کرد و هەمووانی سەرسامکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ