رووداو دیجیتاڵ
کەی ناسەقامگیری لە رکابەرییکردن لەسەر نازناوی پرێمەرلیگ دەبێتە مایەی دڵەڕاوکە؟ بەبۆچوونی ئارسیناڵ، ئەمە کاتێک روودەدات کە سیتی هاوسەنگیی خۆی بەدەستدەهێنێتەوە و وەک رکابەر لەسەر نازناوەکە دەردەکەوێت.
پاش نزیکبوونەوەی تەواوی سیتی لە ئارسیناڵ، دەرکەوتنیان وەک دوو تاکە تیپی رکابەر لەسەر نازناوی خولەکە، ئێستا ئیدی دەبێ میکێل ئارتێتا قۆڵی لێهەڵماڵێت و لەگەڵ یاریزانەکانیدا پێشانی بدات توانای پێداگیری و بەردەوامییان هەیە.
ئارسیناڵ بەجیاوازیی دوو خاڵ، پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگی گرتووە، مانچێستەر سیتی نزیکترین رکابەریەتی، لە کاتێکدا ئاستۆن ڤێلا کە ئاستە نایابەکەی خۆی بەدەستهێناوەتەوە، لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەیە بەجیاوازیی یەک خاڵ لە سیتی، پاشئەوەی سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێشی بەرامبەر ئارسیناڵ بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە گەڕی پێشوودا بەدەستهێنا.
ئارسیناڵ هەفتەی داهاتوو میوانداریی ولڤەرهامپتۆن دەکات، توانای فراوانکردنی جیاوازییەکەی لەگەڵ سیتی بۆ پێنج خاڵ هەیە، لە کاتێکدا ئەو گەشتی کریستاڵ پاڵاس دەکات کە خاوەنی پلەی چوارەمی ریزبەندییەکەیە.
ئارسیناڵ رووبەڕووی ئاڵنگاریی زۆر دەبێتەوە کە پێویستی بەتێپەڕاندنیان هەیە، ئەگەر بیەوێت بۆ یەکەمجار لە دوای 2003 - 2004ەوە نازناوەکە بباتەوە. ئارسیناڵ ئەگەر لە کۆتایی ئەم وەرزەدا نازناوەکە نەباتەوە، دەگاتە 22 ساڵی رێک بێ نازناوی پرێمەرلیگ دەبێت، لە کاتێکدا ئارتێتا شەش ساڵە لە یانەکەیە و نازناوەکەی بەدەستنەهێناوە.
کاتێک ئارسیناڵ دوای ئەنجامدانی تەنیا 12 یاری لە وەرزی ئەمساڵدا، پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی گرت بەجیاوازیی شەش خاڵ، ئەوە ئاماژەیەکی روون بوو کە ئەو تیپە نزیکترینە بۆ بردنەوەی نازناوەکە، چونکە پێشتر رووینەداوە تیپێک لە هەمان ماوەی وەرزدا بەجیاوازیی شەش خاڵ پێشەنگ بگرێت و لە کۆتاییدا نازناوەکە نەباتەوە.
بەپێچەوانەی ئەوەوە، لە دوایین سێ جاردا کە ئارسیناڵ پێشەنگی ریزبەندی گرتووە پاش 12 گەڕ، ئەگەرچی جیاوازیی خاڵەکانیشی کەمتر بووبێت، سەرکەوتوو نەبووە لە یەکلاکردنەوەی نازناوەکە و لە کۆتاییدا مانچێستەر سیتی نازناوەکەی بەدەستهێناوە.
لەوکاتەوەی ئارسیناڵ جیاوازییەکەی کردە شەش خاڵ پاشبردنەوە لە تۆتێنهام بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، تیپە لەندەنییەکە تەنیا چوار خاڵی لە کۆی 9 خاڵی بەردەستی بەدەستهێنا. دوای ئەوە بەگۆڵێک لەگەڵ چێڵسی یەکسانبوو و بەرامبەر ئاستۆن ڤێلاش دۆڕا، لە کاتێکدا بەدوو گۆڵی بێبەرامبەر لە برێنتفۆردی بردەوە.
وەک خوی هەمیشەیی و وێڕای بوونی خاڵی لاوازی زۆر و ناجێگیری لە ئاستدا، مانچێستەر سیتی، هەلی پاشەکشەی ئارسیناڵی قۆستەوە و سێ بردنەوەی لەسەریەکی بەرامبەر لیدز یونایتد، فولهام و سەندێرلاند بەدەستهێنا و جیاوازییەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ بۆ دوو خاڵ کەمکردەوە.
ئەوەی کێشەکە بۆ ئارسیناڵ زیاتر دەکات، ئاستی ئێرلینگ هالاندی گۆڵکەری مانچێستەر سیتییە کە پێشەنگی گۆڵکەرانی گرتووە بە 15 گۆڵ، هەروەها گواردیۆلای راهێنەریشی لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا بودجەیەکی باشتری بۆ هێنانی یاریزانان لەبەردەستە، لە کاتێکدا هیچ کەسێک هێندەی پێپ توانای هەڵساندنەوەی تیپەکەی لە نیوەی دووەمی وەرزدا نییە.
ئارتێتا سەرکەوتوو بوو لە کۆکردنەوەی پێکهاتەیەکی بەهێز بۆ ئارسیناڵ، وەرزەکەی بەشێوەیەکی ناوازە دەستپێکرد. بەپێی ئەوەی تاوەکو ئێستا پێشکێشی کردووە، هێشتا ئارسیناڵ توانای بردنەوەی نازناوەکەی هەیە، ئەگەرچی لە دوو وەرزی رابردوودا هەمان دۆخی هەبوو، بەڵام لە کۆتاییدا سیتی بووە پاڵەوان.
ئارسیناڵ تاقیکردنەوەی گەورەی بۆ سەلماندنی جێگیرییەکەی لەبەردەستە لە رووی بەرگرییەوە. بەڵام داتایەکی روون نییە ئاماژە بەوە بدات ئەوە دەبێتە هۆکاری بەدەستهێنانی نازناوەکە. تیپەکە سەرکەوتوو نەبوو لە بردنەوە لە هیچکام لە رکابەرە سەرەکییەکانی.. بە لیڤەرپوول و ئاستۆن ڤێلا دۆڕاوە و لەگەڵ سیتی و چێڵسی یەکسانبووە.
ئارسیناڵ لەبەردەم راستییەکی تاڵدایە، هیچ یاریزانێکی نییە هاوشێوەی هالاند بێت و بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخە قورسەکان و یارییە زەحمەتەکان پشتی پێببەستێت. ئەو یاریزانە نەرویجییە لە هەر یارییەکدا گۆڵێکی تۆمارکردووە، لە کاتێکدا هیچ هێرشبەرێکی ئارسیناڵ لە وەرزەکەدا لە چوار گۆڵ زیاتری تۆمارنەکردووە.
ئارسیناڵ خاوەنی باشترین بەرگرییە و تاوەکو ئێستا تەنیا نۆ گۆڵی لێکراوە، بەڵام سێ بەشی ئەو گۆڵانەی لە دوایین دوو یاریی دەرەوەی یاریگەی خۆی تۆمارکردووە.
لە بەرامبەردا مانچێستەر سیتی تاوەکو ئێستا دوورە لەو وێنەیەی بەر لە چوار، پێنج ساڵ پێشانیدەدا، راستییەک کە لەو یارییەدا بەرجەستە دەبێت کە تیپەکە بەرامبەر فولهام ئەنجامیدا و 5 - 4 گۆڵ بردییەوە و بردنەوەکەش زۆر زەحمەت بوو. بەڵام سیتی هێشتا عەقڵیەت و ئەزموونی ئەوەی هەیە مێزەکە بەسەر رکابەرەکانیدا قڵپ بکاتەوە.
ئارسیناڵ لە ماوەی کەمی داهاتوودا دەبێ تواناکانی خۆی دووپات بکاتەوە و ئارامیی خۆی بپارێزێت، ئەگەر بیەوێت دەستبەپێشەنگەوە بگرێت و لە کۆتاییشدا نازناوەکە بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ