رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی 7 گەڕی پڕبینەرترین خولی جیهان، چەند یانەیەک ئاستیان بووە جێی سەرسووڕمانی هەمووان و چەند راهێنەرێکیش بوونە قوربانی.
پرێمەرلیگی 2025/2026 گەیشتە دووەم وەستانی نێودەوڵەتیی فیفا، یانەکانی ئەو خولە بۆ ماوەی 10 رۆژ پشوو وەردەگرن و لە رکابەرییەکانی خولەکە دووردەبن، بەشێکی یاریزانانی یانەکان، لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان گەشت دەکەن و بەشێکی دیکەشیان لە شارەکانی خۆیان دەمێننەوە.
وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ وەکو وەرزەکانی پێش خۆی نەبوو و رکابەرە سەرەکییەکانی بردنەوەی خولەکە، هەر لە زووەوە خاڵی زۆریان لەدەستدا و لە رکابەریکردن بۆ بردنەوەی نازناوەکە چوونەدەرەوە، تەنیا هەردوو یانەی لیڤەرپوول و ئارسیناڵ رکابەریی بردنەوەی نازناوەکەیان دەکرد و لە کۆتاییشدا لیڤەرپوول نازناوەکەی بەدەستهێنا.
ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ، لە سەرەتاوە ئەوەی خستووەتەڕوو کە رکابەرییەکانی جیاواز دەبێت لەوەی وەرزی رابردوو روویدا، یانە گەورەکانی ئینگلتەرا، هاوشانی چەند یانەیەک، کە بە ئاستیان هەمووانیان شۆک کردووە، رکابەرییەکی تووندیان لەسەر نازناوەکە دەستپێکردووە، بەشێوەیەک لە گەڕی حەوتەمەوە، سەرجەم یانەکانی پرێمەرلیگ لانی کەم جارێک تووشی دۆڕان بوون.
ئارسیناڵ بە 5 بردنەوە، یەکسانبوونێک بەرامبەر مانچێستەر سیتی و دۆڕانێک بەرامبەر لیڤەرپوول و بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ، لە پلەی یەکەمی خولەکە دێت، هاندەرانی ئەو یانەیە لە هەموو کاتێک زیاتر متمانەیان بەوەیە کە ئەم وەرزە، پرێمەرلیگ بەڕوویاندا زەردەخەنەیەک بکات و بتوانن دوای 21 ساڵ، نازناوی خولەکە بەدەستبێنن.
لیڤەرپوول دوای سەرەتایەکی نایاب و بردنەوەی 5 یاریی یەکەمی خول، تووشی دوو دۆڕانی لەسەریەک بوو لە دوایین دوو گەڕدا و ئەو یانەیە بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ، لە پلەی دووەمی خولەکە جێگیر بووە، رێدز لە هاوینی 2025، کۆی 482 ملیۆن یۆرۆیان خەرجکرد و کۆمەڵێک ئەستێرەی گەورەیان گواستەوە یانەکە، هاندەرانی یانەکە چاوەڕوانی ئاستێکی باشتر دەکەن لەوەی یانەکە تاوەکو ئێستا پێشکێشی کردووە.
لیڤەرپوول و ئارنێ سلۆتی راهێنەری، لە هەمووان زیاتر هەست بەگوشار دەکەن، چونکە پێکهاتەکەی بەردەستی ئەو راهێنەرە، پێکهاتەیەکی پڕ ئەستێرە و زۆر بەهێزە، چاوەڕێی ئەنجامی زۆر باشتری لێدەکرێت لەوەی تاوەکو ئێستا پێشانیداوە.
تۆتێنهام بە سەرکردایەتی راهێنەری دانیمارکی، تۆماس فرانک، لە پلەی سێیەمی پرێمەرلیگ دێت و ئەو یانەیە توانیویەتی لە 7 یاریدا، 14 خاڵ کۆبکاتەوە.
بۆرنمۆس سەرەڕای فرۆشتنی 3 بەرگریکاری سەرەکیی یانەکە، هێشتا بەردەوامە لە بەرەوپێشچوونە سەرنجڕاکێشەکەی، ئەو یانەیە بە سەرکردایەتی راهێنەری ئیسپانی، ئەندۆنی ئیراولا، بە کۆکردنەوەی 14 خاڵ، لە پلەی چوارەمی خولەکە دێت، سیمینیۆ، ئەستێرەی یانەکە، بە ئاستە نایابەکەی هەمووانی سەرسامکردووە، ئەو یاریزانە ئەم وەرزە، لە 7 یاریدا، بەشداری لە 9 گۆڵ کردووە.
مانچێستەر سیتی بە سەرکردایەتی هالاند، بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی پێنجەم دێن، ئەو یانەیە سەرەڕای سەرەتا خراپەکەیان، گەڕاونەتەوە سەر رێچکەی سەرکەوتن، ئەستێرە نەرویجییەکەیان سەرنجی هەمووانی راکێشاوە و بە تۆمارکردنی 9 گۆڵ، لە پلەی یەکەمی گۆڵکارانی پرێمەرلیگ دێت.
یانەی چێڵسی بە سەرکردایەتی ئێنزۆ مارێسکا، بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی حەوتەم دێن، ئەو یانەیە لە دوایین گەڕدا، توانی لە لیڤەرپوول بباتەوە و هیوای هاندەرانی زیاتر کرد بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی خولەکە.
ئاستی مانچێستەر یونایتد، هەڵبەز و دابەزی زۆری تێدا بووە و ئەوەش گومانی لەسەر داهاتووی راهێنەری یانەکە، رۆبن ئامۆریم درووستکردووە، ئەو یانەیە بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ، لە پلەی دەیەمی خولەکە جێگیر بووە.
هەریەکە لە راهێنەرانی نۆتینگهام فۆرێست، نونۆ سانتۆس و وێستهام یونایتد، گراهام پۆتەر، لەبەر خراپیی ئاستی یانەکانیان، لە ئەرکەکانیان دوورخراونەتەوە. نونۆ هەرزوو شوێنی پۆتەری گرتەوە لە مەشقدانی یانەی وێستهام.
سەندەرلاند، ئەو یانەیەی وەرزی رابردوو لە چامپیۆنشیپەوە سەرکەوت بۆ پرێمەرلیگ، دوای مێرکاتۆیەکی ئاگرین، لە ئاست چاوەڕوانییەکانی هاندەران بوو و بەکۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی نۆیەم دێت.
ئاستۆن ڤێلا لە ئاست چاوەڕوانییەکان نەبووە، تیپەکەی ئونای ئێمیری لە 7 یاریدا، 9 خاڵیان کۆکردووەتەوە و لە پلەی سێزدەیەمی خولەکە دێن، ئەو یانەیە لە دوایین سێ وەرزدا، میوانێکی بەردەوامی کورسییەکانی گەیشتن بە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان بووە و هاندەرانی یانەکە چاوەڕوانی ئاستێکی باشتر دەکەن لەم وەرزە.
پرێمەرلیگی ئەم وەرزە ئاگرینە و بینەرانی خولەکە چاوەڕوانی چەند گەڕێکی پڕ لە رکابەریی دەکەن، دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکانی خولەکە لە 18/10/2025.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ