رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سەڵاح رووبەڕووی داهاتووێکی نادیار بووەتەوە لەگەڵ لیڤەرپوول، دوای ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئارنێ سلۆتی راهێنەر گەیشتە خاڵی کۆتایی و سێ یاری لەسەریەک لە پێکهاتەی سەرەکیدا نەبینرا.
ئەستێرە میسرییەکە دەڵێت یانەکە منی "خستووەتە بەردەم پاسەکە" و ئێستا یانەکانی سعودیە و ئەمریکا چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ گواستنەوەی سەڵاح.
بەپێی میدیاکانی بەریتانیا، کێشەکان دوای یەکسانبوونی 3-3ی لیڤەرپوول بەرامبەر لیدز یونایتد تەقینەوە، کاتێک سەڵاح رایگەیاند پەیوەندی لەگەڵ راهێنەرەکەی تێکچووە و رەنگە یاری داهاتوو دوایین دەرکەوتنی بێت بە درێسی یانەکەوە. بەهۆی ئەم لێدوانانەوە، سەڵاح لە گەشتی یانەکە بۆ میلان و یارییەکەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئینتەرمیلان دوورخرایەوە.
سەڵاح لە وەرزی 2024-2025 ئاستێکی بەرزی پێشکێش کرد و خاوەنی 34 گۆڵ و 23 ئاسیست بوو، پلەی چوارەمی خەڵاتی باڵۆندۆریشی بەدەستهێناوە، بەڵام ئێستا ئەگەری رۆیشتنی لە ئانفێڵد زۆر بەهێزە. بەرپرسانی لیڤەرپوول جەخت لەوە دەکەنەوە گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2027ـە و نایانەوێت بیفرۆشن، بەڵام دان بەوەدا دەنێن دۆخەکە ئاڵۆزە و چاوەڕێی بڕیاری یاریزانەکەن.
سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەم سەڵاح، خولی سعودیە دیارترین وێستگەیە. یانەی ئیتیحاد کە لەلایەن سندوقی وەبەرهێنانی سعودییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، پێشتر هەوڵی گواستنەوەی داوە. ئەگەر کەریم بنزیما یانەکە جێبهێڵێت، ئەگەری گواستنەوەی سەڵاح لە هاویندا زیاتر دەبێت. هەروەها یانەی هیلال و قادسیەش چاودێری دۆخەکە دەکەن، بەڵام پڕبوونی لیستی یاریزانە بیانییەکان لە زستانی 2025 رێگرە و پێویستیان بە چۆڵکردنی شوێن هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بیگوازنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، خولی ئەمریکی (MLS) بژاردەیەکی دیکەیە. کۆمیسیاری خولەکە ئارەزووی خۆی بۆ هاتنی سەڵاح پێشانداوە. یانەی سان دیێگۆ، کە خاوەنەکەی محەممەد مەنسووری ملیاردێری میسرییە، دەکرێت شوێنێکی گونجاو بێت، بەڵام بۆ زستان ئەستەمە و رەنگە لە داهاتوودا هەوڵی بۆ بدەن.
مانەوە لە ئەورووپا بژاردەیەکی سنووردارە بۆ ئەستێرە تەمەن 33 ساڵانەکە. بارسێلۆنا بەهۆی کێشەی داراییەوە توانای گواستنەوەی نییە و ریال مەدریدیش هێڵی هێرشبەری پڕە و سیاسەتی کڕینی یاریزانی بەتەمەنی نییە، سەرەڕای ئەوەی هاوینی رابردوو ترێنت ئەلیکساندەر ئاڕنۆڵدی گواستەوە. پاریس سانجێرمانیش ستراتیژی خۆی گۆڕیوە بۆ یاریزانی گەنج.
لە رووی بازرگانییەوە، سەڵاح خاوەنی براندێکی بەهێزە و خاوەنی زۆرترین فۆڵۆوەرسە لە سۆشیال میدیا لەنێو یاریزانانی پرێمەرلیگ. بەڕێوەبەری کارەکانی ئاشکرای کردووە هەر گرێبەستێکی بازرگانی سەڵاح لە نێوان 3.5 بۆ 6 ملیۆن پاوەند دەهێنێت. مانەوە لە خولێکی گەورەی ئەورووپا باشترین بژاردەیە بۆ پارێزگاریکردن لە بەهای براندەکەی، بەڵام دەرگاكان لە بەردەمیدا بەرتەسک بوونەتەوە و تاوەکو ئێستا داهاتووی لە ئەورووپا ناڕوونە.
دەکرێ خەونی لەمێژینەی سعودییەکان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ سەڵاح، ئێستا لە هەموو کات نزیکتر بێت. لە دوو هاوینی رابردوودا بەردەوام ناوی ئەو یاریزانە بە یانەکانی سعودیەوە دەبەسترایەوە، بەڵام هیچ هەنگاوێکی کردەنی بە ئاراستەی ئەنجامدانی گرێبەستەکە نەنران.
میدیای سعودیە گوتوویانە، خولی سعودیە دەیەوێت یاریزانێکی دیکەی بەناوبانگ و درەوشاوە پەلکێشی خولەکە بکات، بەتایبەت کە سەڵاح لەسەر ئاستی عەرەبی زۆر بەناوبانگە و ئایکۆنێکی گەورەی پرێمەرلیگە لە چەند ساڵی رابردوودا. دەکرێ سەڵاح سوودی زۆر بە سعودییەکان بگەیەنێت کە دەیانەوێت هاوینی داهاتوو، یان زستانی ئەمساڵ، هاوشێوەی دوو ساڵی رابردوو، ئەستێرەی گەورە پەلکێشی خولەکەیان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ