رووداو دیجیتاڵ
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دووپاتیکردەوە کە پەشیمان نییە لەوەی یاری بۆ یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی نەکردووە و دەڵێت "سەرەتا رازی بووم بچمە مانچێستەر یونایتد، بەڵام کە دواتر نەچووم، پەشیمان نیم لەو بڕیارەم".
لێڤاندۆڤسکی، ئاشکرایکرد کە دوای دووەم وەرزی لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتموند، دوو دەستەوارەی لە یانەکانی بلاکبێرن رۆڤەرز و مانچێستەر یونایتدەوە بۆ پەیوەندیکردن بە پرێمەرلیگی ئینگلیزییەوە پێگەیشتووە، بەڵام یانە ئەڵمانییەکە لەو کاتەدا رەتیکردووەتەوە بیفرۆشێت.
لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، لێڤاندۆڤسکی گوتی "بیرم لەوە دەکردەوە بچمە بلاکبێرن، بەڵام بڕیاری کۆتاییم لەسەر ئەوە نەدا، هەرچی سەبارەت بە مانچێستەر یونایتدە، من بڕیاری خۆمم دابوو و دەستەوارەکەشم قبوڵ کردبوو".
لیڤا هەروەها لەو بارەیەوە گوتی "دەمویست گرێبەست لەگەڵ مانچێستەر یونایتد واژۆ بکەم و لەگەڵ سێر ئەلێکس فێرگسۆن کاربکەم، بەڵام دۆرتموند رەتیکردەوە بمفرۆشێت، چونکە دەیانزانی مانەوەم قازانجی زیاتریان پێدەگەیەنێت ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژتر بمێنمەوە".
سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد سەرینەگرت، لیڤاندۆڤسکی جەختی کردەوە کە پەشیمان نییە لە یاری نەکردن لە پرێمیەرلیگ، و روونی کردەوە "هەموو بڕیارێک کە داومە بڕیاری تایبەتی خۆم بووە، ئەوەم کردووە کە خۆم ویستوومە، نەک ئەوەی کەسێکی دیکە بەسەریدا سەپاندبێت".
لیڤاندۆڤسکی درێژەی بە کاروانە نایابەکەی لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتموند دا تاوەکو ساڵی 2014 پێش ئەوەی بچێتە بایرن میونشن، کە تێیدا هەشت وەرزی بەسەربرد و لەو ماوەیەدا گۆڵکارێکی بێوێنە بوو.
لە هاوینی 2022 پەیوەندی بە بارسێلۆناوە کرد بۆ ئەوەی ببێتە هێرشبەری سەرەکیی یانە کەتەلۆنییەکە و لەو کاتەوەی پەیوەندی کردووە، 101 گۆڵی لە 147 یارییدا تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ