ئەلۆنسۆ دوای کلاسیکۆ بەتەلەفۆن داواکارییەکی لە پێرێز کردووە

13-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دۆڕانە گەورەکەی ریال مەدرید بەئەنجامی 4-3 بەرامبەر بارسێلۆنا، چابی ئەلۆنسۆ تەلەفۆنی بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز کردووە و داوایلێکردووە بەزووترین کات گرێبەست لەگەڵ فلۆریان ڤێرتزی یاریزانی ئەڵمانی بکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی کیکەری ئەڵمانی، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە بچێتە کێبڕکێی گواستنەوەی فلۆریان ڤێرتز، ئەستێرەی ئەڵمانی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی بایەرلیڤەرکوزن، کە پێشبینی دەکرێت لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گرێبەستێکی گەورەی مێرکاتۆ بێت.
 
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئەو بڕیارەی فلۆرێنتینۆ پێرێز لەخۆیەوە دەرنەچووە، بەڵکو لەسەر هاندانی راستەوخۆی چابی ئەلۆنسۆ بووە، راهێنەری داهاتووی یانەکە، کە بڕیارە لە یەکی مانگی داهاتووەوە وەک راهێنەری نوێی مێرینگێ دەستبەکاربێت لە شوێنی کارلۆ ئەنچێلۆتی.
 
وەک ئەو رۆژنامە ئەڵمانییە باسی کردووە، ئەلۆنسۆ دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا ناڕەزایی زۆری خۆی دەربڕیوە و دەستبەجێ پەیوەندی بەسەرۆکی یانەکەوە کردووە و بۆی پشتڕاستکردووەتەوە کە گرێبەستکردن لەگەڵ ڤێرتز ئیدی بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی رەهایە".
 
رۆژنامە ئەڵمانییەکە دووپاتیکردووەتەوە کە بایرن میونشن چەند رۆژێک لەمەوبەر متمانەی تەواوی بەوە هەیە کە دەتوانێت ڤێرتز بگوازێتەوە، بەڵام نزیکیی ئەلۆنسۆ لە ریال مەدرید هاوکێشەکەی گۆڕیوە، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکردووە کە یانە باڤارییەکە لەوانەیە دەستوەردان بکات و گرێبەستەکە لە بەرژەوەندی خۆی مسۆگەر بکات.
 
لەم چوارچێوەیەدا راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید لە ئێستاوە بیر لە قوربانیدانی یەکێک لە ئەستێرەکانی ئێستای دەکاتەوە بۆ دابینکردنی پارەی گرێبەستەکە، چونکە یانەکە بەنیازە لەم هاوینەدا رۆدریگۆ گۆسی بەرازیلی بفرۆشێت، ئەمەش لەوانەیە پارەی پێویست دابین بکات بۆ ئەوەی واژۆکردنی ڤێرتز مسۆگەر بکات.
 
پەیامی ریال مەدرید روونە؛ سەردەمێکی نوێ دەست پێدەکات، فلۆریان ڤێرتز یەکێک دەبێت لە پایە سەرەکییەکانی. بەهرەمەندێکی ناوازە، راهێنەرێک کە تواناکانی لە نزیکەوە دەناسێت، و خواستێکی هاوبەش بۆ دروستکردنی نەوەی زێڕینی نوێ کە ریال مەدرید بگەڕێنێتەوە بۆ پێشەنگی ئەورووپا و جیهان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە