خاڵێکی نهێنی گرێبەستی چابی ئەلۆنسۆ لەگەڵ لیڤەرکوزن ئاشکرا بوو

11-10-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید چابی ئەلۆنسۆ بایرن میونشن بایرلیڤەرکوزن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئەڵمانییەکان، خاڵێکی نهێنی لە گرێبەستی چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانییان لەگەڵ یانەکەی ئاشکراکردووە کە پەیوەندی بە یانەکانی پێشوویەوە هەیە.
 
سەرچاوە ئەڵمانییەکان دەڵێن، ئەو بەندە نهێنییە، چابی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی یانەکەی گەورە لە هاوینی داهاتوودا نزیکدەکاتەوە.
 
پێشتر میدیای ئیسپانیا گوتبوویان، ریال مەدرید بڕیاریداوە ئەلۆنسۆ راهێنەری داهاتووی یانەی شاهانە بێت، دوای ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا کارلۆ ئەنچیلۆتی، گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییدێت و ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە، روو لە مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل دەکات.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت بیڵد'ی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، "چابی ئەلۆنسۆ کە گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرکوزن تاوەکو 2026 نوێکردووەتەوە، خاڵێکی لە گرێبەستە نوێیەکەیدا لەگەڵ یانەکە چەسپاندووە کە رێگەی دەدات هاوینی داهاتوو لە یانە ئەڵمانییەکە بڕوات، ئەگەر دەستەوارەی مەشقدانی یەکێک لەو سێ یانەیەوە پێگەیشت کە پێشتر یاریی بۆ کردوون.
 
ئەو سێ یانەیەی ئەلۆنسۆ یاریی بۆ کردوون، بریتین لە لیڤەرپوول، ریال مەدرید و بایرن میونشن و بەپێی بەندە نهێنییەکە، ئەو راهێنەرە ئیسپانییە، لە ئەگەری بەدەستگەیشتنی دەستەوارەی یەکێک لەو سێ یانەیە، دەتوانێ بێ هیچ کێشەیەک، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بایرلیڤەرکوزن هەڵبوەشێنێتەوە.
 
لیڤەرکوزن لەگەڵ ئەلۆنسۆدا وەرزێکی نایابی هەیە و دوای تێپەڕینی حەوت گەڕی خولی نێوخۆی وڵات، یانەکە بەکۆکردنەوەی 19 خاڵ، پێشەنگی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.
 
لیڤەرکوزن بەشێوەیەکی گشتی لە دە یاریی ئەم وەرزدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، دووچاری شکست نەبووە.
 
ئەلۆنسۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێکە بووەتە راهێنەری لیڤەرکوزن، پاشئەوەی یانەکە کەوتە بەردەم هەڕەشەی دابەزین لە خولی ئەڵمانیا بەهۆی بەدەستهێنانی تەنیا یەک بردنەوە لە هەشت یاریی وەرزی رابردووی خولەکە.
 
پێشتر ئەلۆنسۆ لەبارەی دەنگۆکانی چوونی ئەو بۆ مەشقدانی ریال مەدرید، گوتبووی "جارێ زۆر زووە بۆ ئەو هەواڵانە، من تەنیا دەمەوێ فۆکەسم لەسەر لیڤەرکوزن بهێڵمەوە، بەتایبەت پاشئەوەی سەرەتایەکی باشمان لە خولدا بەدەستهێنا و دەبێ من یەکەم کەس بم کە بەوردی لە کارەکەی ئێستام بڕوانم و بۆی ئامادە بم".
 
ئەلۆنسۆ لە 2009 تاوەکو 2014 یاریزانی ریال مەدرید بووە و نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵدا بەدەستهێناوە. پێشتریش لەگەڵ بایرن میونشنی ئەڵمانی هەمان نازناوی بردبووەوە. لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش نازناوی مۆندیال و یۆرۆی بەدەستهێناوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە