رووداو دیجیتاڵ
خانمێکی کۆلۆمبی ئابڕووی ئیکەر کاسیاس دەبات و دەڵێت "لەبەرئەوە لێی جیابوومەوە، چونکە خۆی ناشوات".
جولیانا پانتۆگا لە چەند کاژێری رابردوودا شەپۆلێکی گەورەی مشتومڕی ناوەتەوە، دوای ئەوەی رەخنەی تووندی ئاراستەی ئیکەر کاسیاسی گۆڵپارێزی پێشووی ئیسپانی کرد، کە میدیاکان بە "بوێرانەترین لێدوان تاوەکو ئێستا" وەسفیان کرد.
چیرۆکەکە کاتێک دەستیپێکرد کە کاسیاس لەم دواییانەدا دەرکەوت بۆ ئەوەی بەتەواوی هەبوونی هەر پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ پانتۆگا رەتبکاتەوە و جەختیکردەوە کە ئەوەی لەبارەیانەوە باس دەکرێت تەنیا دەنگۆی بێ بنەمایە.
بەڵام ئەو رەتکردنەوەیە بەبێ وەڵام تێنەپەڕی، کاتێک جولیانا بە زمانێکی تووند لەڕێگەی میدیاکانەوە وەڵامی دایەوە و جەختی کردەوە کە پەیوەندییەکی سۆزداریی راستەقینەی لەگەڵیدا هەبووە و راستی ئەو شتانەی لایە کە لە نێوانیاندا روویانداوە.
لە بەشدارییەکی راستەوخۆدا لە بەرنامەی TardeARـی ئیسپانی، پانتۆگا دووپاتیکردەوە کە پەیوەندییەکی سۆزداری لەگەڵ گۆڵپارێزی پێشووی ریال مەدرید هەبووە، بەڵام رەتیکردەوە کە هیچ پەیوەندییەکی جەستەیی لەنێوانیاندا هەبووبێت.
هەروەها روونیکردەوە کە کاسیاس بەردەوام هەوڵی لەگەڵدا داوە. کاتێک پێشکێشکارەکە پرسیاری لێکرد دەربارەی هۆکاری رەتکردنەوەی ئەو پەیوەندییە؟ وەڵامەکەی شۆکهێنەر بوو، گوتی "لەبەر هۆکاری پەیوەست بە پاکوخاوێنییەوە.. چۆن بیڵێم بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی تووند دەرنەکەوێت؟ کەسێک بوو کە رۆژانە خۆی نەدەشوشت".
ئەم لێدوانە ئامادەبووانی ناو ستۆدیۆی تووشی سەرسوڕمان کرد و وای لە میدیاکار ڤیرۆنیکا دۆلانتۆ کرد قسەکانی پێببڕێت و ئاگاداری بکاتەوە لە دەرەنجامە یاساییە ئەگەرییەکان و پێیگوت "پێموایە تۆ خۆت دەخەیتە کێشەوە".
سەرەڕای ئەو هۆشدارییانەی کە لە پەخشی راستەوخۆدا پێیگەیشتن، پانتۆگا لەسەر هەڵوێستی خۆی سووربوو و جەختی کردەوە کە قسەکانی راستەقینەن و بەڵگەی هەیە بۆ سەلماندنی گوتەکانی، بەڵام ئامادە نەبوو جۆری ئەم بەڵگانە ئاشکرا بکات.
ئەو خانمەی کە بانگەشەی پەیوەندیی لەگەڵ کاسیاس دەکات، جەختی کردەوە کە گۆڵپارێزەکەی پێشووی ریال مەدرید شێتی ئەو بووە و گوتی "تاوەکو رۆژی 11ـی ئاب، هێشتا شێتی منە، لە واتسئاپ و ئینستاگرام بلۆکم کردووە، و رۆژی شەممە لە تیکتۆک بۆی نووسیم و لێیپرسیم بۆچی بلۆکم دەکەی؟.. سکرینشۆتیشم لایە کە ئەمە دەسەلمێنێت".
بەم لێدوانانە، پانتۆگا لاپەڕەیەکی نوێی لە مشتومڕ و گفتوگۆ دەربارەی ژیانی تایبەتیی کاسیاس هەڵدایەوە، کە هەوڵ دەدات وێنە گشتییەکەی خۆی بەدوور بگرێت لە دەنگۆکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ