فەرمی.. هەولێر سێ گرێبەستی سەرنجڕاکێشی راگەیاند

13-08-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سەرهەنگ موحسین
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی سێ گرێبەستی سەرنجڕاکێشی بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق راگەیاند و هەرسێ گرێبەستەکەشی لەگەڵ یاریزانانی کوردە.
 
یانەکە لەسەر لاپەرەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا گرێبەستکردنی لەگەڵ سەرهەنگ موحسین راگەیاند و نووسیوویەتی "سەرهەنگ و سەرکردە گەڕایەوە قەڵای شکۆ و نازناوەکان" و بەمشێوەیە گواستنەوەی ئەو گۆڵپارێزە کوردەی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
سەرهەنگ موحسین لەکاتێکدا دەگەڕێتەوە یانەی هەولێر ساڵی 2019 دوای چەندین ساڵ یارییکردن بەدرێسی یانەی هەولێرەوە ریزەکانی ئەو یانەی بەجێهێشت و لەو ماوەیەدا گۆڵپارێزە کوردەکە لە خولی کوردستان یاریی بۆ یانەی برایەتی کرد و لە خولی عێراقیشدا چووە هەردوو یانەی ئەمانە بەغدا و یانەی نەجەف.
 
گرێبەستی سەرهەنگ لەگەڵ یانەی نەجەف لە 30ـی مانگی رابردوو کۆتاییهات، محەممەد عەبدولزەهرەی راهێنەری گۆڵپارێزانی ئەو یانەیە زۆر هەوڵیدا گۆڵپارێزەکە رازی بکات، بەڵام سەرهەنگ ئامادەنەبوو بگەڕێتەوە یانەکەی و چاوەڕێی یانەی هەولێر بوو.


 
سەرهەنگ موحسین لە وەرزی 2001-2002 بەدرێسی یانەی هەولێرەوە دەرکەوت، لە ماوەی یارییکردنیدا لەگەڵ ئیمپراتۆر چوار جار بووە پاڵەوانی خولی عێراق و دووجار گەیشتنە یاریی کۆتایی جامی یەکێتی ئاسیا، کە ئێستا بووەتە چامپیۆنزلیگی دووەمی ئاسیا.
 
دوای ماوەیەکی کەم لە راگەیاندنی گرێبەستی سەرهەنگ موحسین، یانەی هەولێر پەیوەندیکردنی ژیار گۆڤەندیشی بە یانەکەی راگەیاند.

 
هەولێر لەگەڵ راگەیاندنی گرێبەستەکەی ژیار نووسیوویەتی " کوڕی دڵسۆزی هەولێر "ژیار گۆڤەند" درێسی ئیمپراتۆر دەپۆشێت."
 
پەیوەندیکردن ژیار گۆڤەند بە یانەی هەولێر لەکاتێدایە هەردوو یانەی نەجەف و موسڵ هەوڵی گواستنەوەی یاریزانەکەیان دەدا، بەڵام یاریزانەکە گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یانەی هەولێر هەڵبژارد.
 
دوای ماوەیەکی کەم لە راگەیاندنی گرێبەستی ژیار گۆڤەند، یانەی هەولێر گەڕانەوەی عەلی شاخەوانی بۆ ریزەکانی یانەکەی راگەیاند.

 
هەولێر سێ وێنەی عەلی شاخەوانی لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکەی راگەیاند و نووسیوویەتی "گەڕانەوە بۆ مالەگەورەکە، هەستانەوەی شکۆ."
 
عەلی شاخەوان یاریزانی یانەی جەوییە بوو، ساڵێک گرێبەستی لەگەڵ یانەکە مابوو، بەڵام مافی دەستبەرداربوونی لەو یانەیە وەرگرت و گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی یانەی هەولێر هەڵبژارد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە