کەی یاریگەی یانەی زاخۆ ئامادەدەبێت؟

13-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریگەی یانەی زاخۆ، وێنە؛ ئەرشیف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن و هێشتا یاریگەی یانەی زاخۆ بۆ یارییکردن تێیدا ئامادەنییە و رووداو سپۆرتس وادەی تەواوبوونی دانانی چیمەنی یاریگەکە ئاشکرا دەکات.
 
یاریگەی یانەی زاخۆ بۆ یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی کەنداو بۆ یانەکان نۆژەندەکرێتەوە و دەست بە دانانی چیمەنی یاریگەکە کراوە.
 
زاخۆ لە یەکەم گەڕی وەرزی نوێی خولەکەدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی تەڵەبە و ئەمڕۆ شەممە یارییەکە لە بەغدا دەکرێت، پرسیاری سەرەکی هاندەرانی یانەکەش ئەوەیە کەی دانانی چیمەنی یاریگەکە تەواو دەبێت و ئایا بۆ یاریی داهاتوو ئامادەدەبێت.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو سپۆرتس، رۆژانە 40 کەس بەبەردەوامی کاردەکەن بۆ ئەوەی هەرچی زووە دانانی چیمەنی یاریگەی یانەکە تەواوبکەن، تاوەکو ئێستا 12 بارهەڵگری تایبەت بە چیمەنی یاریگەکە گەیشتوونەتە زاخۆ و 8 بارهەڵگری دیکە لە رێگەدان و بە دانانی قۆناخی یەکەمی چیمەنی یاریگەکە، کارەکانی 80٪ تەواو دەبن و بە گەیشتنی ئەوەی دیکەیان یاریگەکە بەتەواوی ئامادەدەبێت.
 
هەر بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس تاوەکو درەنگانی شەوی سێشەممە چیمەنی یاریگەکە بەتەواوی دادەنرێت و چاوەڕواندەکرێت رۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە یاریگەکە بەتەواوی ئامادەبێت بۆ ئەوەی تیپی تۆپی پێی یانەی زاخۆ لەسەر یاریگەکە مەشقەکانی ئەنجامبدات و رۆژی هەینی لە گەڕی دووەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا میوانداریی یانەی جەوییە بکات.
 
زاخۆ بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق و جامی کەنداو بۆ یانەکان گۆڕانکارییەکی زۆری لە تیپەکەیدا کردووە و چاوی لەوەیە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە