لە ریال مەدرید، ئاردا گولەر پاداشت دەکرێت

13-10-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید ئاردا گولەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە یانەی ریال مەدرید ئامادەیە پاداشتی ئاردا گولەری ئەستێرەی لاوی ناوەڕاستی یانەکە بکات، پاشئەو ئاستە بەرزەی لەسەرەتای وەرزی ئەمساڵەوە لەگەڵ یانەکە پێشانیداوە.
 
گولەر لەدوای هاتنی چابی ئەلۆنسۆوە بووەتە یاریزانی سەرەکی تیپەکە و ئاستێکی سەرنجڕاکێش پێشکێش دەکات.
 
ئەلۆنسۆ پێشتر کاتێک لە بایرلیڤەرکوزن بوو، هەوڵیدابوو بەشێوەی خواستن ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی، بەڵام ریال مەدرید رازی نەبوو.
 
تۆڕی 'دیڤێنسا سێنتراڵ' ئاشکرایکردووە ریال مەدرید بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستی گولەر دەکاتەوە، بەومەرجەی تاوەکو کۆتایی وەرز بەهەمان ئاستەوە لەگەڵ تیپەکەدا بمێنێتەوە.
 
گرێبەستی ئەو یاریزانە 20 ساڵانە لە ریال مەدرید تاوەکو 2029 درێژکراوەتەوە.
 
ئەو ناوەڕاستکارە لاوە، ئەگەرچی لەسەرەتاکانی هاتنیدا بۆ ریال مەدرید رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەوە، بەڵام توانی شوێنی خۆی لە پێکهاتەی تیپەکەدا بکاتەوە.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، مووچەی ئێستای گولەر، 2.6 ملیۆن یۆرۆیە و خاوەنی نزمترین مووچەیە لە یانەکە، بەڵام ریال مەدرید دەیەوێت گرێبەستەکەی تاوەکو 2031 نوێبکاتەوە و مووچەکەی بۆ 4.5 ملیۆن یۆرۆ بەرز بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە