رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی بەدەستهێنانی چوارەم سەرکەوتنی لەسەریەک هەڵبژاردەی فەرەنسا چووەتە ئایسلەندا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەو وڵاتە دەبێتەوە.
لە چوارەم یارییدا و لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی چوارەمدا، ئەمشەو فەرەنسا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر ئایسلەندا یاری دەکات، کیلیان ئێمباپێ دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر ئازەربایجان تووشی پێکانبوو گەڕایەوە مەدرید و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات.
بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بوو کاپتنی هەڵبژاردەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەڕایەوە بۆ مەدرید و لەوێ خۆی بۆ یارییەکانی داهاتووی یانەکەی ئامادەدەکات.
بەر لە یارییەکە فەرەنسا بە سێ بردنەوەی لەسەریەک و بە 9 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەیە، ئایسلەندا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و بە سێ خاڵ لە پلەی سێیەمە.
دیدێ دیشام، راهێنەری فەرەنسا، بەر لە یارییەکە ئامادەیی تیپەکەی بۆ یارییەکە راگەیاند و گوتی "یاریزانەکانی دیکە ئامادەن و دەمانەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکەین."
فەرەنسا بە یاریی دۆستانە و فەرمییەوە 16 جار بەرامبەر ئایسلەندا یارییکردووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 12 یاریی بردووەتەوە و 4 یاریی نێوان هەردوولاش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ