رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سەڵاح دەگەڕێتەوە نێو پێکهاتەی یانەی لیڤەرپوول و بۆ یاریی ئەمڕۆی یانەکە بەرامبەر یانەی برایتۆن ئامادەیە.
لیڤەرپوول لە دەستپێکی رکابەرییەکانی گەڕی 16ـی پرێمەرلیگ بەرامبەر برایتۆن یاری دەکات و یارییەکە لە یاریگەی ئانفیڵد بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی بۆ سێ یاریی لەسەریەک لەسەر کورسی یەدەگ بوو و بۆ یاریی بەرامبەر ئینتەرمیلان لە چامپیۆنزلیگدا بانگهێشت نەکرا، محەممەد سەڵاح جارێکی دیکە بانگهێشتی تیپەکە کراوەتەوە و بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەیە.
پێشتر محەممەد سەڵاح گوتبووی، یاریی بەرامبەر برایتۆن لە یاریگەی ئانفیڵد دەبم بۆ ماڵئاواییکردن لە هاندەران، چونکە دەچمە یارییەکانی جامی ئەفریقا، بەڵام ئەگەری هەیە ئەوە ببێتە دوایین ماڵئاوایی لە ئانفیڵد، لەکاتێکدا ماڵباتەکەی بانگهێشتکردووە بۆ ئەوەی لە یاریگەدا ئامادەبن.
ئەمە لە کاتێکدایە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، ڤیرجڵ ڤان دایک رۆڵێکی کاریگەری بینیووە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پەیوەندیی سەڵاح و ئارنی سڵۆت بەرەو باشبوون بڕوات و جارێکی دیکە ئەو یاریزانە بانگهێشت بکرێتەوە.
لیڤەرپوول لە دۆخێکی زۆرباشدا نییە، لە دوایین دوو یاریی پرێمەرلیگدا نەیبردووەتەوە و ئێستا لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، تیپەکە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بەبردنەوەیەکی دیکە خۆی لە پلەکانی پێشەوە نزیک بکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ