رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەفریقا بەڕێوەدەچێت، هەردوو هەڵبژاردەی میسر و سەنیگال یەکەم یاریی قۆناخەکە ئەنجامدەدەن و محەممەد سەڵاح و سادیۆ مانێ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە دووبارەکردنەوەی یاریی کۆتایی جامی ئەفریقای 2021ـە، کاتێک سەنیگال لە میسری بردەوە و بووە پاڵەوان، کاژێر 20:00 هەردوو تیپ لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و بەهێزدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و دەیانەوێت رکابەری لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بکەن.
سەڵاح لە یاریی رابردوودا سەرکردایەتیی تیپەکەی کرد بۆ گەیشتن بەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە و ئامادەیە بۆ ئەوەی رووبەڕووی سادیۆ مانێی هاوڕێی پێشووی ببێتەوە و ئەمڕۆش هاوشانی عومەر مەرمووش لە هێڵی پێشەوەی تیپەکە دەبن.
سەنیگال تاوەکو ئێستا تیپێکی بەهێز بووە و خاوەنی هێڵێکی هێرشبەریی بەهێزە کە 11 گۆڵیان تۆمارکردووە و تەنیا سێ گۆڵیان لێکراوە.
پێشتر هەردوو هەڵبژاردە 13 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، سەنیگال خاوەنی 6 بردنەوەیە، میسر 5 یاریی بردووەتەوە و 2 یارییان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
ئەمشەو یەکێک لە محەممەد سەڵاح و سادیۆ مانێ دەگاتە یاریی کۆتایی جامی ئەفریقا و ئەوەی دیکەیان ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە دەکات.
کاژێر 23:00 دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی دەکرێت، هەڵبژاردەی مەغریب دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و خۆی بگەیێنێتە یاریی کۆتایی جامی ئەفریقا، کاتێک لە یارییەکی زۆر بەهێزدا بەرامبەر نایجیریا یاریی دەکات.
مەغریب لە یاریی رابردوودا سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر هەڵبژاردەی کامیرۆن سەرکەوت، براهیم دیاز ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکەیە و لە هەموو یارییەکانی جامی ئەفریقادا گۆڵی تۆمارکردووە و دەیەوێت لەسەر ئاستە بەرزەکەی بەردەوامبێت بۆ ئەوەی تیپەکەی بگەیێنێتە یاریی کۆتایی رکابەرییەکە.
میوانداری پاڵەوانێتییەکە تیپێکی بەهێز و پڕ ئەستێرەی هەیە، بەڵام ئەرکیان ئاسان نییە، بەتایبەت نایجیریا لە پاڵەوانێتییەکەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
نایجیریا تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، خاوەنی هێڵێکی هێرشبەریی زۆر بەهێزە و 14 گۆڵی لە پێنج یاریی رابردوودا تۆمارکردووە، ئەوان نەیانتوانیووە بگەنە مۆندیالی 2026 و دەیانەوێت بە رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی جامی ئەفریقا قەرەبووی هاندەرانیان بکەنەوە.
هەردوو هەڵبژاردە 10 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، مەغریب 6 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، 4 یاری لە بەرژەوەندی نایجیریا کۆتاییهاتووە و هیچ یارییەکی هەردوو هەڵبژاردە بە یەکسانبوون تەواو نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ