رووداو دیجیتاڵ
جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کۆتاییدێت، حەکیمی دەیەوێت دوای 50 ساڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بە جامەکە شادبکاتەوە و مانێ چاوی لە دووەم نازناوە بۆ تیرانگا.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، هەردوو هەڵبژاردەی مەغریب و سەنیگال لە یاریی کۆتایی رووبەڕووی یەکدەبنەوە. مەغریب میوانداری پاڵەوانێتییەکەیە و دەیەوێت دوای ساڵی 1976 بۆ یەکەمجار نازناوەکە بباتەوە، لە بەرامبەردا سەنیگال بۆ سێیەمجار لە دوایین چوار پاڵەوانێتیدا گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و دەیەوێت مانەوەی خۆی لەسەر تەختی پاشایەتی ئەفریقا بسەلمێنێت.
بەپێی میدیا وەرزشییەکان، گەیشتنی ئەم دوو تیپە بۆ یاریی کۆتایی سوپرایز نییە، چونکە لە چەند ساڵی رابردوودا فیدراسیۆنی تۆپی پێی هەردوو وڵات وەبەرهێنانێکی زۆریان لە ژێرخان و پێگەیاندنی یاریزاناندا کردووە. سەنیگال لە 10 ساڵی رابردوودا لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە و سێ جار لەسەریەک گەیشتووەتە مۆندیال، ئەم یارییەش رەنگە دوایین هەلی نەوەیەکی زێڕین بێت وەکو سادیۆ مانێ، خالیدۆ کۆلیبالی، ئێدوارد مێندی و چەندین یاریزانی دیکە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەستیان بە نازناوەکە بگات.
مەغریب لە ژێر سەرپەرشتی وەلید رەگراگیی راهێنەر گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینیووە. دوای درەوشانەوەیان لە مۆندیالی قەتەر، ئێستا نەوەیەکی نوێ وەک عەبدولسەمەد زەلزولی و ئیسماعیل سابیری هاتوونەتە پێشەوە. براهیم دیاز لەم پاڵەوانێتییەدا وەک باشترین یاریزان دەرکەوتووە و گەڕانەوەی ئەشرەف حەکیمی لە پێکان هێزێکی زیاتری بە تیپەکە بەخشیوە. هێڵی بەرگری مەغریبیش خاڵی بەهێزیانە، چونکە لە 6 یاریی رابردوودا تەنیا 1 گۆڵیان لێکراوە.
یارییەکە کاژێر 22:00 لە یاریگەی شازادە مولای عەبدوڵڵا لە شاری ریبات بەڕێوەدەچێت. هاندەرانی مەغریب گوشارێکی زۆر بۆ سەر تیپی بەرامبەر دروست دەکەن و دەیانەوێت لەگەڵ یاریزانەکانیان ئاهەنگی بردنەوەی نازناوەکە بگێڕن.
ئامارەکان دەڵێن مەغریب لە دوایین 39 یاریی لە خاکی خۆیدا تووشی هیچ شکستێک نەبووە، کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە.
سەنیگال لەم یارییەدا لە تواناکانی خالیدۆ کۆلیبالی بێبەش دەبێت کە بەهۆی سزادانەوە یاری ناکات، مامادۆ ساری تەمەن 20 ساڵ دەبێتە جێگرەوەی. پاپ تیوا راهێنەری سەنیگال توانیویەتی تیپەکەی لە رووی کۆنترۆڵی تۆپ و رێکخستنی ناوەندەوە زۆر بەهێز بکات.
میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنجامی یارییەکە پەیوەستە بەوەی تا چەند باڵەکانی مەغریب دەتوانن بەرگریکارانی سەنیگال پاشەکشە پێ بکەن و سادیۆ مانێ چۆن لە گوشاری ئەشرەف حەکیمی رزگاری دەبێت. هەرچەندە مەغریب بەهۆی هاندەران و یاریگەوە چانسی زیاتری هەیە، بەڵام ئەزموونی سەنیگال لە یارییەکانی کۆتاییدا وایکردووە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێشبینی بردنەوە بۆ سەنیگال بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ