رووداو دیجیتاڵ
دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ، لە مەشقدانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، سەرنجی جیهانی تۆپی پێی بردە سەر ژمێرییەکی سەیر لەبارەی دۆخی راهێنەران لە یانەکانی ئەورووپا.
داتا تۆمارکراوەکانی فیدراسیۆنە جیاوازەکانی تۆپی پێ لە ئەورووپا ئاشکرایانکردووە، ئەلۆنسۆ راهێنەری ژمارە 123ە کە لە وەرزی ئەمساڵ و تاوەکو ئێستا، لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.
بەپێی داتاکان، ئەوەی تاوەکو ئێستا لە تۆپی پێی ئەورووپا روودەدات، ژمارەیەکی پێشتر نەبینراوە و ئاماژەیە بۆ ناسەقامگیریی لە جیهانی تۆپی پێدا.
ئەگەرچی رۆیشتنی ئەلۆنسۆ، بایەخێکی گەورەی میدیایی پێدرا بەهۆی کارکردنی لەگەڵ ریال مەدرید، بەڵام دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە، بەشێکە لەو شەپۆلی دوورخستنەوەی راهێنەرانەی لە وەرزی ئەمساڵدا روویانداوە و لەسەرەتای دەستپێکردنی وەرزەکەوە ژمارەکە گەیشتووەتە 123 راهێنەر، بەبێ ئەژمارکردنی ئەو راهێنەرانەی بەشێوەی کاتی هاتوون و پاشان لابراون.
بەر لە بڕیارەکەی ریال مەدرید، یانە گەورەکانی ئەورووپا گۆڕانکاریی زۆریان بەخۆوە بینی. یانەی چێڵسیی ئینگلیزی گرێبەستی خۆی لەگەڵ ئینزۆ مارێسکای راهێنەری هەڵوەشاندەوە لەسەرەتای ئەمساڵدا. دواتر مانچێستەر یونایتد رویشتنی رۆبن ئامۆریمی پۆرتوگالیی لە یانەکە راگەیاند، پاش زنجیرەیەک کێشە لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە.
ئەو بڕیارە زۆرانەی دوورخستنەوەی راهێنەران لە پۆستەکانیان، رەنگدانەوەی گوشاری سەر راهێنەرەکانە. تەنانەت یانە گەورەکانیش کە لە رووی ئابوورییەوە سەقامگیرن، بەپەلە پەنا بۆ دوورخستنەوەی راهێنەرەکانیان دەبەن، بەهۆی نائارامیی و بەرزبوونەوەی بنمیچی داواکارییەکان.
لە خولی ئیسپانیا، پێنج گۆڕانکاریی لە راهێنەراندا کراوە. ئەلۆنسۆ دیارترین راهێنەری بەڕێکراو بوو، جیا لە یانەکانی وەک ریال ئۆڤیێدۆ، لیڤانتی و ریال سۆسیداد کە بەهەمان شێوە راهێنەریان گۆڕیوە.
سەرنجڕاکێش لە ئیسپانیا ئەوەیە کە ناسەقامگیریی لە خولی پلە دووی ئەو وڵاتە لە خولی پلە یەک زیاترە. لەو خولە 12 یاریزان لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، ئەوەش رەنگدانەوەی لەرزۆکیی کارگێڕیی و هونەریی خولەکە پێشان دەدات.
لە بەراوردی خولە گەورەکانی ئەورووپا، پرێمەرلیگ پێشەنگی خولەکان بووە لە ریزبەندی دوورخستنەوەی راهێنەر کە ژمارەیان شەش راهێنەر بووە، پاشا لالیگا و بۆندێسلیگا کە لە هەر یەکێکیان پێنج راهێنەر دوورخراونەتەوە.
خولەکانی ئیتاڵیا و فەرەنسا، هەریەکەیان چوار دوورخستنەوەی راهێنەری بەخۆوە بینیوە.
خولی تورکیا زۆرترین دوورخستنەوەی لەسەر ئاستی هەموو ئەورووپا بەخۆوە بینیوە. خولەکە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا 17 راهێنەر لە مەشقدانی یانەکانی ئەو خولە دوورخراونەتەوە، دیارترینیان جۆزێ مۆرینیۆ و ئۆلی گۆنار سۆلشایەر بوو.
لە دوای ئەوان، خولەکانی قوبرس و یۆنان بە 10 گۆڕانکاریی پلەی دوای ئەویان گرتووە، ئەوەش لەبەرئەوەی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی راهێنەران ئاسانترە بۆ بەرپرسانی یانەکان.
ژمارە تۆمارکراوەکانی 20 خولی پێشەنگ لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا، دووپاتیدەکەنەوە کە لە وەرزەکەدا تاوەکو ئێستا 123 راهێنەر دوورخراونەتەوە، ئەوەش جارێکی دیکە دووپاتیدەکاتەوە کە یانەکان ئەوەندەی بەدوای ئەنجامی خێرادا دەگەڕێن، ئەوەندە بەدوای سەقامگیریی و ستایلی یارییکردندا ناگەڕێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ